هەینی. ئازار 6th, 2026

دادگای سلێمانی ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

سەیرکراوە: (1.4K)

دادگای سلێمانی لەسەر قسەكانی ئەم دواییەی “ناز نوری” لە یەكێك لە میدیاكان، ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، دادوەر نەبووە و بۆ “خۆدەرخستن” نازناوەكەی لەخۆی ناوە و سوكایەتی بە دامەزراوەی دادوەری دەكات.

سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەكەدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو کەسە هیچ کاتێک دادوەر نەبووە و لەسەر سەکۆی دادوەری دانەنیشتووە و لەتەمەنیدا دادوەریی نێوان دوو کەسی نەکردووە، بەڵكو ئەم کەسە کاتی خۆی ماوەیەکی کورت بەرپرسی فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی بووە و ساڵی ٢٠١٤ بەر لە هاتنی تەمەنی خانەنشینی بە ڕاپۆرتی لیژنەی پزیشکی بە هۆكاری خراپی باری تەندرووستی و بەپلەی پەككەوتەیی (العجز البدنی) خۆی هەواڵەی خانەنشینی کردووە.

دەقی ڕوونكردنەوەكە:

ماوەیەکە کەسانێک کە هیچ سیفەتێکی دادوەرییان نیە و لە پەیکەری پێکهاتەی ئەنجومەنی دادوەری دادوەر نین، بەڵام بەناوی دادوەرەوە خۆیان دەناسێنن و لە سایت و کەناڵەكانەوە دەرئەكەون و قسەو ئاماژەی بێ سەروبەر بڵاودەکەنەوە بەناو خەڵکدا و بوونەتە هۆی دروستکردنی بێمتمانەیی و چاندنی تۆوی ڕق و کینە لە ناو کۆمەڵگەدا..

بۆیە بەناوی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی كە بەشێكە لە ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان هەموو ئەوانە ئاگادار دەكەینەوە کە بە کردەیی دادوەر نین و سەربە ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان یان دەسەڵاتی دادوەری عیراق نین، جارێکیتر نازناوی دادوەر بەکار نەهێنن و خۆیانی پێ نەناسێنن. هەر لەو میانەیەدا ماوەیەکە دەبینین کەسێک بەناوی (ناز نوری عارف) بۆ خۆدەرخستن خۆی بە (حاکم ناز)لە کەناڵ و سایتەکان ناوزەد دەکات و بەپێی حەزی خۆی و چۆنی پێخۆشە سیناریۆ دادەڕێژێت و كەیس دروست دەكات و سوکایەتی بەدامەزراوەی دادوەری و دامەزراوەکانی تر دەکات و هەستی ناسکی خەڵک دەورووژێنێت، گوایە دادوەر بووە و وازی هێناوە.

لە ڕاستیدا ئەو کەسە هیچ کاتێک دادوەر نەبووە و لەسەر سەکۆی دادوەری دانەنیشتووە و لەتەمەنیدا دادوەریی نێوان دوو کەسی نەکردووە، بەڵكو ئەم کەسە کاتی خۆی ماوەیەکی کورت بەرپرسی فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی بووە و ساڵی ٢٠١٤ بەر لە هاتنی تەمەنی خانەنشینی بە ڕاپۆرتی لیژنەی پزیشکی بە هۆكاری خراپی باری تەندرووستی و بەپلەی پەككەوتەیی (العجز البدنی) خۆی هەواڵەی خانەنشینی کردووە و بە ٨٠٪ی ئیمتیازات و كۆتا موچەی كە لەوكاتەوە تائێستا مانگانە وەریدەگرێت و بەتێكڕایی سەدان ملیۆن دینار دەكات، ماوەی چەندین ساڵە لەماڵەوەیە و یاری بە هەست و سۆزی خەڵک دەكات، كە جێگای پرسیار و تێڕامانە كەسێك بەقسەی لیژنەی پزیشکی پەككەوتەیی هەبێت چۆن ئەتوانێ ئامۆژگاری خەڵك بكات و پەی بەچاكە و خراپە بەرێت، لەكاتێكدا لەو ماوەیەی بەرپرسیارێتی هەبووە هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ چارەسەری گرفتەکان.

بۆیە بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین قسەو رەفتارەکانی ئەو کەسە لەسەر دادوەر حساب نەکەن، چونکە دادوەر نەبووە و هیچ کاتێك ئەو ئەرکەی نەبووە. وە بە مافی یاسایی خۆمانی دەزانین لەسەر ئەم رەفتار و خۆ بە دادوەر ناساندن و سیناریۆ داڕشتن و سوکایەتیکردنە بە دامەزراوەی دادوەری ئاگاداری بکەینەوە كە بە یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسە و هاوشێوەكانی دەكەین بۆ ئەوەی کەسیتر چاوی لێ نەکات و تووشی بەرپرسیارێتی یاسایی نەبێت.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 85 Today: 2,243 📊 Click Here