ئەمڕۆ هەینی 5ی ئەیلول، رێڕەوی پێشمەرگە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەکرێتەوە و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمەکەدا لەو شارەیە.
لەباڵەخانەی شارەوانیی پاریس، مەسعود بارزانی لەگەڵ ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی شارەکە کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکەش، بارزانی چەند دیارییەکی کوردستانی پێشکەش بە سەرۆکی شارەوانی پاریس کرد.
یەکێک لەو دیاریانەی بارزانی، کتێبێک بوو باسی لە قارەمانێتی پێشمەرگە و سەرکەوتنەکانی دەکات بەرانبەر گرووپی تیرۆریستی داعش، هەروەها تابلۆیەکی پێشمەرگەی پێشکەشی سەرۆکی شارەوانیی شاری پاریس کرد و وتی: ئەوە تابلۆی پێشمەرگەیە، ئەو پێشمەرگەی شەڕی داعشی کرد لەبری هەموو جیهان.
بارزانی وتیشی، پەیوەندی گەلی کوردستان و فەرەنسا مێژووییە و بەردەوامی بەو پەیوەندییانە دەدەین”.
لای خۆیەوە، سەرۆکی شارەوانی پاریس ئاماژەی بەوەکرد، ئەو دیارییە زۆر بەهادارە لای من، پێویستە لە شوێنێک دابندرێت لە ئۆفیسەکەم، هەر میوانێکم بێت، پێویستە تابلۆی پێشمەرگە ببینن.
وتیشی: ئێمە قەرزاری پێشمەرگەین.
ئان هیدالگۆ وتی: “بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، لەبەر هەموو ئەو هۆکارانەی باسم کردن، ناوی ئەم ڕێڕەوەمان نا ‘ڕێڕەوی پێشمەرگە’ لە پاریس. چیرۆکی پێشمەرگە و بارزانی زۆر فاکتەری گرنگی لە مێژووی گەلی کورددا هەیە”.
سەرۆکی شارەوانی پاریس وتیشی: “زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ توانیومە جارێکی دیکە پێشوازی لە بارزانی بکەم. ئەمە بۆ من زۆر تایبەتە. سەرەڕای ئەوەش، پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ پەیمانگای کورد لە پاریسدا هەیە”.
