یەکشەممە. ئازار 8th, 2026

توركیا: حكومەتی عێراق ئاگاداریان كردوین لەوەی نزیكن لەڕێككەوتن لەگەڵ هەرێم

سەیرکراوە: (1.7K)

جێگری وەزیری وزەی تورکیا ئاشكرای دەكات، بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵی عێراق بەفەرمی ئاگاداریان كردوونەتەوە لەوەی نزیكن لە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.

ئەحمەد بەرات چۆنکار، جێگری وەزیری وزەی تورکیا لە (کۆڕبەندی نێودەوڵەتی وزە) لە بەغدا بۆ (ئەنادۆڵۆ) ڕایگەیاند، بۆری نەوتی کەرکوک- جەیهان لە 1970ەوە چالاکە. بەمدوایانەدا جارێکی دیکە هەناردەکردن لەم ڕێگەیەوە بووەتە ڕِۆژەڤ. لە نزیکەوە چاودێری ئەم پرسە دەکەین.

وتیشی: “عێراقییەکان پێیان راگەیاندووین، کە دانوستانەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی نزیکبووەتەوە لە ئەنجام. پەنا بە خوا ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر بن چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە بۆرییەکە بە هەموو توانایەکەوە بکەوێتە کار”.

ئاماژەی بەوەداوە، هێڵی بۆری نەوتی عێراق و تورکیا دەتوانێت زیاتر پەرەی پێبدرێت و دەڵێت: هاریکارییەکان لە بوارەکانی گازی سروشتی و کارەبا و پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانیش بۆ گەشەپێکردنی ئەو پەیوەندییانە بەکاردەهێندرێت.

ڕاشیگەیاندووە، لەگەڵ عێراق لە دانوستانداین بۆ ئەوەی زیاتر لە بواری وزەدا هاریکاریی یەکتر بین، بەراورد بە رابردوو، ئاستی هاوکاریی لەگەڵ عێراق زۆر زیاتر بووەو بۆ ئەم مەبەستە سەرقاڵی داڕشتنی ژێرخانی ئەو پەیوەندییانەین.

بەهۆی سكاڵای وەزارەتی نەوتی عێراق دژ بە توركیا لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس، توركیا لە 25ی ئازاری 2023وە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرتووە و لەوكاتەوە تائێستا هەناردە دەستی پێنەكردۆتەوە، سكاڵاكەی بەغدا بەهۆی ئەوە بوو ئەنكەرە بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق نەوتی هەرێمی بە بۆری نەوتی عێراق- توركیا هەناردەی بەندەری جەیهان كردبوو.

ئێستا كە هەولێر و بەغدا لە رێككەوتن نزیكبوونەتەوە بۆ رادەستكردنی نەوتی كوردستان بە كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق “سۆمۆ”، توركیاش داواكاریی هەیە و دەیەوێت بۆرییەكەی عێراق بەوپەڕی توانای خۆیەوە نەوت هەناردە بكات.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 46 Today: 244 📊 Click Here