قۆناغێكی دیكەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە هەولێر دەستپێدەكاتەوە و ئەمجارە 16 هەزار فەرمانبەر زەوی وەردەگرن.
مەریوان حاكم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر ڕایگەیاندووە، ئامادەكاری دەكەین بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو هەفتەدا تیروپشك بۆ دابەشكردنی 16 هەزار پارچە زەوی بكەین.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو زەوییانە لە سنووری شارەوانییەكانی دارەتوو، بنەسڵاوە و كەسنەزانە، بەسەر ئەوانەی دابەش دەكرێت كە سوودمەند دەبن و كارتی زانیارییان ئەو شوێنانەیە.
پێشتر لە هەولێر 17 هەزار پارچە زەوی دابەش كران و ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەندبن كە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بۆ دەرچووە بۆ وەرگرتنی زەوی.
27ی ئایاری ساڵی رابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد، دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە هەر پارچە زەوییەك 200 مەترە دەدرێت بە فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە تا ئێستا دوو قۆناغی دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی ئەنجام دراوە، كە كۆی گشتی نزیكەی 20 هەزار پارچە زەوی دابەشكراوە.