گەلی عێراق لەبەرداشی حکومەتی کارتۆنی و هێزی میلیشیادا.

سەیرکراوە: (1)

ئاسۆ حسن محمد

عێراقیەکان مێژوویەکی قوڵ و درێژیان هەیە لەگەڵ هێزی مەزهەب و چەخماخەی شمشێری گروپ و طائیفە جیاوازەکاندا، ئەمە ئەو گرفتەیە کە ڕیشەیەکی ناکۆتای هەیە و بوە بە شێرپەنجەی حوکم لە عێراقدا، تەنانەت حکومەت تەنها وەک ئامرازێک تەشکیل دەکرێ بۆ وەڵا وەڵامی پرسیارە ڕۆتینیە جیهانی و ئیداریەکان، وەگەرنا دەوڵەتی قوڵ و ئاڕاستەی سیاسەت و ئابووری لەعێراقدا بەدەست میلیشیا مەزهەبیەکانەوەیە.

بۆیە عێراقیەکان هیچ کات سەعادەت و خۆشبەختی و ئاشتیەکی هەمیشەییان نەدیوە و نایبینن.

لەڕاستیدا مرۆڤە بیر سادەکان وا دەڕوانن پارە و داهاتی باش کۆڵەکەی بنەڕەتی سەقامگیری دەوڵەت و خۆشبەختی خەڵکی وڵاتانی دونیایە، بەم یاسایە بۆ عێراقیش بیر دەکەنەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر لەهەمو دونیا دەوڵەمەندی و داهات و پارەی باشی وڵات ببێتە هۆی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری بۆعێراق بەپێچەوانە دێتەوە.

وەک ئەوەی دەیبینین چۆن میلیشیاکانی عێراق لەسێبەری حکومەتێکی کارتۆنیدا چەندان ملیار دۆلاریان زەخیرە کردوە و چی جبەخانەو چەکوچۆڵێکیان لەدەوری خۆیان کۆ کردوەتەوە کە دەستکراوەن لە شەڕ و ماڵ وێرانی و ڕفاندن و کوشتن و گرتنی ئەو گروپ و تاقم و کەسایەتیانەی وەک ئەوان بیر ناکەنەوە.

بەتایبەت دەبینین کە چۆن ڕوی چەک و چۆڵە و مودەڕەعەکانیان کردوەتە کوردانی ناوچە کوردستانیەکانی ناوچی 140 .

تەنانەت میلیشیاکان هێندە ڕاوەستاو پێ قایمن کە ئامادەی جەنگن دژی وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت  ئەمریکاش..!

ژیانی مرۆڤی ئازادیخواز و ڕەخنەگرو ڕاگەیاندنکار و قەڵەم بەدەستە خۆنەفرۆشەکان تا ئاستی کوشتن لەبەردەم مەترسیدایە لەنێو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە میلیشیاییەدا  وە هەموان شاهیدی کۆچی بەشێکی زۆرین لەو کەسانەی وەک میلیشیاکان بیریان نەکردەوە و ڕەخنەیان گرت، ئەوە کوردانی ئەو ناوچانە با بوەستێ تەنانەت ئەگەر بەڕستەیەکیش قسەیان بەرانبەر میلیشیاکان نەکردبێت هەر ماڵیان و زەوی و زاریان داگیر کراوە و دەخڵو دانیان سوتێنراوە.

گەنجانی ناوچەکانی کەرکوک و خانەقین و دوسخورماتو جەسرە و مەندەلی وناوچەکانی تر سەر گەردان کران و هەندێکی بێ سەر و شون کران و هەندێکی وەک ئێمە کۆچمان کرد و ڕومان لەوڵاتانی ئەمان و دیموکرات کرد بۆ ئەوەی ئەو ژیانەی ماومانە لە کەشێکی ئازاد دا بەڕێی بکەین.

بەڵام هێشتا غەمی قوڵی کەسوکار و خاکی داگیرکراو ئاگرێکە و هەناوی هەمومانی داغان کردوە.

ئەگەرچی ئەو ئاگرەی هەناومان دەکرێ بکەینە مەشخەڵێک بۆ ڕۆشن کردنەوەی ڕێگای تێکۆشانمان دژی نادادی و زوڵم و ستەمی میلیشیاکان،  بەردەوام بین  سا بەڵکو بگەین بە ئامانجێک تەنانەت ئەگەر وتارێک وتەیەک نوسینێکمان بکەوێتە بەر دیدی کەسانێکی دەس و دەم ڕۆشتوی سیاسی لەم وڵاتانە یان نوێنەرایەتیەکانیان لە عێراقدا.

یان ئەم تێکۆشانانەمان ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی ڕوی ڕاستەقینەی میلیشیاکان نیشانی جیهان بدەین و بزانن لە خۆڕا نیە عێراقێکی بێ خوێن نابینن ، بزانن کە  بێ هۆ نیە عێراقێکی سەقامگیر نابینن ، بزانن ئەو عێراقەی کە هیچ کات دەوڵەتێکی نمونەیی نەبوە هۆکارەکەی زیهنیەتی مەزهەب گەرایی و طائیفی و هێزی میلیشیاییە .

بەڵێ بۆ عێراقێکی بێ میلیشیا خۆزگە ئەم ئاواتە ئەهاتەدی ، بەڵام ئەمە خۆزگەیەکی وەدی نەهاتوی هەزارانی پێش ئێمەیە و ملیۆنانی ئێستایە کە  هەموان مرۆڤی ئازادیخواز و ئاشتیخوازن، ناچار بەدیار خۆزگە وەدی نەهاتوەکانمانەوە غەم دەخۆین و ئاوزی غەمگین دەڵێنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 98 Today: 2,146 📊 Click Here