لە کاتێکدا عێراق خۆی بۆ ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئامادە دەکات، ھەموو چاوەکان لەسەر ئەو ژمارانەن کە دەتوانن داھاتووی عێراق دابڕێژنەوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە نیگەرانییەکان لەبارەی ڕێژەی بەشدارییکردن بڕەوێنەوە کە لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو سەرچاوەی گرتووە و بۆ نزمترین ئاست دابەزی کە سەدا ٤١ بوو.
بڕیارە ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و تێیدا حەوت هەزار و ٧٦٨ کاندید لە ١٨ پارێزگای عێراق کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانیی دەکەن.
لە ھەڵبژاردنەکەدا ١٤٦ ھاوپەیمانی و پارت و کەسایەتی سەربەخۆ کێبرکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسی کە ٨٣یان کۆتای ژنانن.
دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر پارێزگاکاندا
ئەو ٣٢٩ کورسییەی پەرلەمانی عێراق بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەشکراون بە جۆرێک، بەغدا ٧١ کورسی، نەینەوا ٣٤ کورسی، بەسڕە ٢٥ کورسی، زیقار ١٩ کورسی، سلێمانی ١٨ کورسی، بابل ١٧ کورسی، هەولێر ١٦ کورسی، ئەنبار ١٥ کورسی، دیالە ١٤ کورسی، کەرکووک ١٣ کورسی ، سەڵاحەدین ١٢ کورسی، نەجەف ١٢ کورسی، دهۆک ١٢ کورسی، واست ١٢ کورسی، کەربەلا ١١ کورسی، دیوانییە ١١ کورسی، میسان ١٠ کورسی، موسەننا ٧ کورسی هەیە.
کۆتاکان
لە کۆی ئەو کورسییانەی بەسەر پارێزگاکان دابەشکراوە، ٩ کورسی بۆ کۆتاکان تەرخانکراوە بەم شێوەیە، لە پارێزگای بەغدا ٢ کورسی بۆ مەسیحی و سابئی، پارێزگای نەینەوا ٣ کورسی بۆ مەسیحی، ئێزدی و شەبەک، پارێزگای واست ١ کورسی بۆ کوردی فەیلی، پارێزگای کەرکووک ١ کورسی بۆ مەسیحی، پارێزگای ھەولێر ١ کورسی بۆ مەسیحی، پارێزگای دھۆک ١ کورسی بۆ مەسیحی.
بە گشتی لە عێراق ٢١ ملیۆن و ٤٠٤ هەزار و ٢٩١ دەنگدەری تۆمارکراو هەیە کە بریتیین لە ٢٠ ملیۆن و ٦٣ هەزار و ٧٧٣ دەنگدەری گشتی، یەک ملیۆن و ٣١٣ هەزار و ٩٨٠ دەنگدەری تایبەت و ٢٦ هەزار و ٥٣٨ دەنگدەریش بریتیین لە ئاوارەکان.
لە هەرێمی کوردستان ٣٠٣ کاندید کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٤٦ کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن، هاوکات سێ ملیۆن و ٦٨ هەزار و ٣٥٠ دەنگدەری تۆمارکراویش هەن کە دابەشبوونە بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک.
هەرێمی کوردستان بەپێی سنووری جوگرافیای پارێزگاکان، بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردن دابەشبووە کە بریتیین لە بازنەی هەولێر، بازنەی سلێمانی و بازنەی دهۆک و تێیدا سێ ملیۆن و ٦٨ هەزار و ٣٥٠ دەنگدەری تۆمارکراو هەیە کە دەنگ بە ٣٠٣ کاندید دەدەن بۆ بەدەستهێنانی ٤٦ کورسیی پەرلەمانی عێراق لە کۆی ٣٢٩ کورسی دا.
بازنەی هەولێر
بازنەی هەولێر کە تەواوی پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە و خاوەنی ١٦ کورسیی پەرلەمانی عێراقە و تێیدا ١٠٨ کاندید و، یەک ملیۆن و ٨٧ هەزار و ٨٤٦ دەنگدەری تۆمارکراویی هەیە.
لەم پارێزگایەدا ٩ حزب و شەش کەسی سەربەخۆ بەشداری لە پڕۆسەکەدا دەکەن بە جۆرێک، پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٠ کاندید، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ٣٠ کاندید، ڕەوتی هەڵوێست ١٢ کاندید، نەوەی نوێ ٨ کاندید، بەرەی تورکمان ٥ کاندید، کۆمەڵی دادگەریی ٥ کاندید، بەرەی گەل ٤ کاندید، یەکگرتووی ئیسلامیی ٤ کاندید و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ٤ کاندیدی هەیە، هاوکات لەو ١٠٨ کاندیدە، ٧١ پیاو و ٣٧ ئافرەتن.
بازنەی سلێمانی
پارێزگای سلێمانی کە هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش دەگرێتەوە، خاوەنی ١٨ کورسیی پەرلەمانی عێراقە، ١٣٦ کاندید و یەک ملیۆن و ٢٠١ هەزار و ٦٥٨ دەنگدەری تۆمارکراویی هەیە.
لەم پارێزگایەدا ٩ حزب و چوار کەسی سەربەخۆ بەشداری لە پڕۆسەکەدا دەکەن بە جۆرێک، پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٦ کاندید و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ٣٦ کاندید، ڕەوتی هەڵوێست ١٦ کاندید، نەوەی نوێ ١٢ کاندید، بەرەی گەل ١١ کاندید، یەکگرتووی ئیسلامیی ٨ کاندید، کۆمەڵی دادگەریی ٥ کاندید، بەرەی تورکمانیی ٤ کاندید و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ٤ کاندیدی هەیە. هاوکات لەو ١٣٦ کاندیدە، ٩٩ پیاو و ٣٧ ئافرەتن.
بازنەی دهۆک
پارێزگای دهۆک کە خاوەنی ١٢ کورسیی پەرلەمانی عێراقە، ٥٩ کاندید و ٧٧٨ هەزار و ٨٤٦ دەنگدەری تۆمارکراویی هەیە.
لەم پارێزگاکەدا، ٨ حزب و ٥ کاندیدی سەربەخۆ بەشداری لە پڕۆسەکەدا دەکەن، بە جۆرێک پارتی دیموکراتی کوردستان ٢٢ کاندید، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ٥ کاندید، نەوەی نوێ ٥ کاندید، حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ٥ کاندید، بەرەی گەل ٥ کاندید، یەکگرتووی ئیسلامیی ٤ کاندید و کۆمەڵی دادگەریی ٤ کاندیدی هەیە. لەو ٥٩ کاندیدە ٣٩ پیاو و ٢٠ئافرەتن.
کاندیدە دووبارەکان
بۆ ئەم خوولەی هەڵبژاردن، ژمارەیەک کاندید پێشتر پەرلەمانتاری عێراق یان هەرێمی کوردستان بوونە و جارێکی دیکە کاندیدکراونەتەوە کە نزیکەی ٤٥ پەرلەمانتاردەبن و زۆرترینشیان لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانن کە ١٣ کەس و دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ١١ کەسی بۆ جاری دووەم کاندید کردووە.
هەروەها بۆ جاری دووەم هەریەک لە، نەوەی نوێ ٦ کەس و، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ٦ کەس و کۆمەڵی دادگەریی ٣ کەس و ڕەوتی هەڵوێست ٢ کەسی دیکەی کاندید کردووە.
دیارترین کاندیدە دووبارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بریتیین لە، شاخەوان عەبدوڵڵا، ڕێبوار هادی، شوان کەلاری، مەحما خەلیل، فەرهاد ئەتروشی، ڤیان دەخیل، ئەشواق جاف، نەجیبە نەجیب، شێروان دووبەردانی، خالیدە خەلیل و ئیخڵاس دلێمی.
هەروەها دیارترین کاندیدە دووبارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بریتیین لە، هەرێم کەمال ئاغا، ڕێبوار تەها، دیلان غەفوور، نەرمین مەعرووف، غەریب ئەحمەد، بڕیار ڕەشید و سامان فەوزی.
هاوکات کاندیدە دووبارەکانی نەوەی نوێ بریتیین لە، سروە عەبدولواحید، کاوە عەبدولقادر، ڕێبوار ئەوەڕەحمان، ئومێد محەمەد، موژدە مەحموود و ئاریان تاوەگۆزی.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش هەریەک لە جەمال کۆچەر، ئوسامە جەمیل، موسەننا ئەمین، عومەر کۆچەر، شێرکۆ جەودەت و دارا سێکانیانیی بۆ جاری دووەم کاندید کردووە.
هەروەها ڕەوتی هەڵوێست هەریەک لە عەلی حەمە ساڵح، غالب محەمەد و بەدەل بەرواریی بۆ جارێکی دیکە کاندید کردووە، هاوکات کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیش لە کۆی سێ پەرلەمانتار، دوو پەرلەمانتاری جارێکی دیکە کاندید کردووە کە بریتیین لە ئەحمەد حاجی ڕەشید و محەمەد حەکیم.