هەینی. ئازار 6th, 2026

چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێواری هەڵدێردایە

سەیرکراوە: (1.2K)

چوارچێوەی هەماهەنگی ئێستا بە شێوەیەکی کرداری بەسەر دوو باڵی سەرەکیدا دابەش بووە کە ناکۆکییان لەسەر سیاسەتی دەرەوە و هەڵوێست بەرامبەر ئەمەریکا ڕوون و ئاشکرایە. ڕەوتی توندڕەو: (میلیشیا چەکدارەکان)، ئەو ڕەوتە لەو پارت و فراکسیۆنانە پێکدێت کە بە باڵی سیاسیی گرووپە چەکدارەکان دادەنرێن. پارتە سەرەکییەکانی وەک حقوعق، سادقوون، فەزیڵە و سەنەد هەڵگری هەڵوێستێکی توندن، بەتایبەتی لە دۆسییەی پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئەوان بە پێویستی دەزانن کە بەرەنگاریی فشارە ئەمەریکییەکان ببنەوە و داوای سنووردارکردنی پەیوەندییەکان دەکەن. هەروەها، لە پەیوەندییە هەرێمییەکانیشدا، تەنیا بە هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ سووریا ڕازی دەبن و دژی پێشڤەچوونی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی دیکەن. ڕەوتی میانڕەو: ئەم باڵە نوێنەرایەتیی هێزە سیاسییە کۆن و گەورەکانی ناو چوارچێوەکە دەکات، وەک دەوڵەتی یاسا (بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی)، رەوتی حیکمەی نیشتمانی (عەمار حەکیم) و ئیئتیلافی نەسڕ (حەیدەر عەبادی). ئەم ڕەوتە بەگشتی داوای مامەڵەکردن و گونجان لەگەڵ قۆناغی سیاسیی ئێستا دەکەن و خوازیاری هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و پاراستنی پەیوەندییەکی باشن لەگەڵ واشنتن، بەمەرجێک، کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا نەبێت. هەروەها، ئەم ڕەوتە پاڵپشتیی لە کرانەوەی دیپلۆماسی و ئابووری دەکات لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا، بە مەبەستی بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی هاوبەش بۆ عێراق. ناکۆکی و دابەشبوونەکان لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوە سیاسییە نزیکەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە ڕۆژنامەی (العربي الجديد)یان ڕاگەیاندووە، سەبارەت بە پەیوەندیی لەگەڵ ئەمەریکییەکان ناکۆکییەکە لەنێوان نووری مالیکی (سەرۆکی کوتلەی دەوڵەتی یاسا) و نوێنەرانی هێزە چەکدارەکان، قووڵە. هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە “مالیکی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەوێت، لەگەڵ بێزارنەکردنی ئێران، چونکە ئێران نایەوێت هەست بەوە بکات لەلایەن دراوسێ ڕۆژئاواییەکەیەوە گەمارۆ دراوە. ” سەرچاوەکان ڕوونیان کردووەتەوە، عێراق دوایین شوێنە کە بۆ ئێران لە ناوچەکەدا ماوەتەوە، بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤. بەپێی هەمان سەرچاوە، عەمار حەکیم (سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی) بەردەوام پەیام دەگەیەنێت و هۆشداریی دەدات لە لێکەوتەکانی بەردەوامیی دۆخی گرژیی نێوان گرووپە چەکدارەکان و لایەنی ئەمەریکی و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی ئابووریی وڵات، لەکاتێکدا حەیدەر عەبادی (سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسڕ) لە دابڕاندایە لەگەڵ زۆربەی گرووپەکان. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی بەتوندی دابەش بووە بەسەر هەڵوێستەکان بەرامبەر دۆخی دەرەکی، بەتایبەت کرانەوە بەڕووی سووریای نوێدا، بەجۆرێک، لایەنە عەرەبە شیعەکان بە پێویستی دەزانن پەیوەندییەکی باش و خاوەن بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی ئێستای سووریا دابین بکرێت”. لەکاتێکدا گرووپەکان چەكدارەكان بۆ ڕێگریکردن لە هەر پێشکەوتنێک لە پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و ئابووری، تەنیا رازین بە هەماهەنگیی ئەمنی لەگەڵ دیمەشق.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 79 Today: 2,456 📊 Click Here