دووشەممە. نیسان 20th, 2026

نامەیەک بۆ سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی

سەیرکراوە: (1.3K)

نامەیەک بۆ سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی سکاڵای نەوەکانت لە دەست سپڵەیی مێژوو ئەی سوڵتانە شکۆدارەکە،

ئەی ڕزگارکەری قودس و سوارچاکی بێوێنەی جیهان…

ئەمە نامەیەکە لە ئاییندەیەکی تەمومژاوییەوە، لەو شوێنەی کە مێژوو تێیدا شەرمەزارە و دادپەروەری تێیدا سەربڕاوە. کاتێک تۆ بە بازووی بەهێزی نەوەکانی نەتەوەکەت (کوردەکان) و بە خوێنی گەنجانی قەڵغانت بۆ ئیسلام دروست کرد و شکۆی مسوڵمانانت گەڕاندەوە؛ کاتێک قودست لە چنگی داگیرکەران دەرهێنا و گەلانی ناوچەکەت و بەتایبەتی عەرەبت لە ژێردەستی و زەلیلی ڕزگار کرد، جیهان شایەتی مەردایەتیی تۆ بوو. تۆ بە نەتەوەکەت مێژووت گۆڕی، بەڵام مەخابن مێژوو بۆ نەوەکانی تۆ جۆرێکی تر گۆڕا.

ئەی سوڵتان، هەستەوە و بە چاوی خۆت ببینە، ئەو گەلانەی تۆ لە مەترسیی نەمان پاراستنت، ئەمڕۆ چۆن بێوەفا و سپڵە دەرچوون. ئەوانەی دوای وەفاتی تۆ، نەک هەر پارێزگاریان لە قودس نەکرد، بەڵکو بە ئاسانی پێشکەشی داگیرکەرانیان کردەوە و ئێستاش کەوتوونەتە گیانی نەوەکانت.

ئازارە گەورەکە لێرەدایە؛ عەرەب، تورک و کۆیلەکانی تری ناوچەکە، بە هاوکاریی ئەمریکا و تەواوی ڕۆژئاوا و بە هاوئاهەنگیی ئیسرائیل، کەوتوونەتە گیانی نەوەکانی تۆ. ئەو کوردانەی کە ڕۆژێک نەتەوەی تۆ بوون و قەڵغانی پاراستنی ئەوان بوون، ئەمڕۆ لەلایەن هەمان ئەو گەلانەوە بە دڕەندانەترین شێوە جینۆساید دەکرێن. ئەوان بە چەکی سەردەمیانە و فڕۆکەی جەنگی، گوند و شارەکانی نەوەکانت وێران دەکەن و خوێنی منداڵانی کورد دەڕێژن.

ئەی باوکی نەوەکانی کورد! سەیری مەشهەدە غەمگینەکە بکە؛ ئەوان ئەو ئاینەی تۆ لە پێناویدا تەمەن و نەتەوەکەت بەخشی کردووەتە قەڵغانێک بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان. بە ناوی ئیسلامەوە پەلاماری نەوەکانت دەدەن و بە ناوی پیرۆزییەکانەوە خەریکی لەناوبردنی ڕەگی کوردن. ئەوان بەم شێوەیە پاداشتی چاکەکانت دەدەنەوە! لە جیاتی وەفا، خەنجەری ژەهراوی دەوەشێننە دڵی نەوەکانت.

ئەمڕۆ کورد، نەوەکانی تۆ، لە نێوان بەرداشی بێوەفایی دراوسێکان و چاوچنۆکی زلهێزەکاندا تەنیا ماونەتەوە. هەستەوە و ببینە چۆن ئەو دەستانەی کە تۆ لە کۆیلایەتی ڕزگارت کردن، ئەمڕۆ خەریکی چنینی کفنن بۆ نەوەکانت. بەڵام دڵنیابە ئەی سوڵتان، نەوەکانی تۆ هەرچەندە تەنیا و بریندار بن، هێشتا وەک تۆ کێون و وەک تۆ لە بەرامبەر زوڵمدا چۆک دانادەن، ئەگەرچی هەموو جیهانیش لە دژیان بێت. سڵاو لە ڕوحی تۆ و نەفرەت لە سپڵەکانی مێژوو.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 137 Today: 1,618 📊 Click Here