پلاتفۆرمی تەلەگرام لە عێراق قەدەغە کرا

سەیرکراوە: (1)

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە عێراق بڕیاری دا پلاتفۆرمی تەلەگرام بلۆک بکرێت، ئەویش بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و پابەندنەبوونی کۆمپانیای خاوەن پلاتفۆرمەکە بە یاسا و ڕێساکانی عێراق و نەگرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناوەڕۆکی پێشێلکاری.

ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان ڕایگەیاند، بڕیاری بلۆککردنی تەلەگرام لە عێراق بە پشتبەستن بە ڕێنمایی سەرۆک وەزیران و دەسەڵاتە یاساییەکانی دەستەکە دراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کۆمپانیای بەڕێوەبەری تەلەگرام هەنگاوی پێویستی بۆ چارەسەرکردنی ناوەڕۆکی پێشێلکاری لەسەر پلاتفۆرمەکە نەناوە و پابەندی یاسا و ڕێساکانی عێراق نەبووە؛ بۆیە دەستەکە بڕیاری داوە ئەم ڕێکارە ڕێکخراوەییە بەرامبەر کۆمپانیاکە بگرێتەبەر.

دەستەکە لە هەمان کاتدا ماوەی ٣٠ ڕۆژی بە کۆمپانیاکە داوە بۆ ڕێکخستنی دۆخی یاسایی خۆی و چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە کارکردنی لە عێراق.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییە ڕێکخراوەییەکانی دەستەکەدایە، بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی توندڕەوی، هاندانی ناکۆکی و توندوتیژی و ڕق، هەروەها بەکارهێنانیان بۆ ئەنجامدانی تاوانی ئەلیکترۆنی و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانی.

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان ئامانجی سەرەکیی ئەم بڕیارەی بە پابەندکردنی کۆمپانیای تەلەگرام بە پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی عێراقی لەسەر پلاتفۆرمەکە و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکان و هاوکاری لەگەڵ دەستەکە بە پێی چوارچێوە یاساییەکان، وەسف کردووە.

دەستەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پابەندبوونی کۆمپانیا بەڕێوەبەرەکانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بە یاسا و ڕێساکانی عێراق، مەرجێکی سەرەکییە بۆ بەردەوامبوونی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان لە ناو وڵاتدا، و پاراستنی کۆمەڵگا و ئاسایشی نیشتمانی لە پێشینەی کاری ڕێکخستنی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دایە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 243 Today: 1,582 📊 Click Here