هەینی. ئازار 6th, 2026

شەڕڤانان بەرپەرچی پەلاماری گروپە توندڕەوەکان بۆ سەر کۆبانێ دەدەنەوە

سەیرکراوە: (950)

هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند بە هۆی پێشێلکردنی ئاگربەستەوە، شەڕ و پێکدادانی سەخت لە دەوروبەری کۆبانێ دەستیپێکردووە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاش بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، هیزەکانی سووریای دیموکرات دەربارەی پێشێکارییەکانی گروپەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع رایگەیاند، لە کاتژمێر 2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق هێرشێکی چڕیان لە چەندین قۆڵەوە بۆ سەر شارۆچکەکانی خەراب عەشک و جەلەبیە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری کۆبانێ دەستپێکردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ تۆپبارانێکی توند بۆ سەر گەڕەکەکان و دەوروبەری هەردوو شارۆچکەکە.

ئەوەشی خستەڕوو کە بە هۆی ئەو هێرشانەوە، شەڕ و پێکدادانی سەخت لە نێوان شەڕڤانان و چەکدارە توندڕەوەکاندا ڕوویداوە و “هێزەکانمان تا ئەم ساتە بەردەوامن لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان و شەڕ بەتایبەتی لە شارۆچکەی جەلەبیە بە چڕی بەردەوامە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە گروپە دەستدرێژیکارەکان هێزی زۆری وەک تانک و زرێپۆشیان هێناوەتە ناوچەکە، هاوکات لەگەڵ فڕینی چڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە ئاسمانی ناوچەکەدا”.

هەسەدە ڕایگەیاند، “ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرای ڕێککەوتنی ئاگربەستن و پابەندنەبوونی دیمەشق بە بەڵێنەکانی و بەردەوامبوونی لە سیاسەتی پەرەپێدانی گرژییە سەربازییەکان و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە دەسەلمێنێت”.

هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕاشیگەیاند، ئێمە جەخت دەکەینەوە کە هێزەکانمان مافی ڕەوای خۆیان لە بەرگری لەخۆکردن بەکاردەهێنن، دیمەشق بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم پێشێلکارییانە و لێکەوتە مرۆیی و ئەمنییەکانی دەزانین. داواش لە لایەنە گەرەنتیکارەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست دەکەین کە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن و بە پەلە بجوڵێن بۆ ڕاگرتنی ئەم دەستدرێژییانە و کۆتاییهێنان بەو گرژییە بەردەوامانەی لەلایەن دیمەشقەوە ئەنجام دەدرێن.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 159 Today: 1,704 📊 Click Here