لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر، تەرمی مامۆستایەکی زانکۆی سەڵاحەدین بە سووتاوی لەنێو ماڵی دایکی دۆزرایەوە. کەسوکاری گومانی ئەوە دەبەن کەسێک سووتاندبێتی و ئۆتۆمبێلەکەی دزی بێت.
لە گەڕەکی شۆڕشی هەولێر، تەرمی مامۆستایەکی زانکۆی سەڵاحەدین بە ناوی د. دلێر ساڵح حەسەن، کە تەمەنی 55 ساڵە، لەنێو ماڵی دایکی بە سووتاوی دۆزرایەوە.
بەپێی زانیارییەکان، د. دلێر کە خەڵکی شەقڵاوەیە و سەرۆکی بەشی زانستی کۆمپیوتەرە لە کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەڵاحەدین و باوکی دوو کچە، ئەمڕۆ چووەتە ماڵی دایکی لە گەڕەکی شۆڕش بۆ خاوێنکردنەوەی.
کەسوکاری مامۆستاکە گومانیان هەیە کەسێک تەرمەکەی سووتاندبێت و دواتر ئۆتۆمبێلەکەشی دزی بێت.
بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر رایگەیاند: “کاتژمێر 12:20خولەکی نیوەڕۆ لەلایەن هاووڵاتیان ئاگادارکراینەوە بە سووتانی ماڵێک لە گەڕەکی ئاری. تیمەکانی بەرگریی شارستانیی لەگەل بەشی رزگارکردن توانیان بەزووترین کات بگەنە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن”.
بەوتەی بەرگریی شارستانی، لەدوای گەیشتنی تیمەکەیان تەرمی کەسەکە لەلایەن تیمەکانیانەوە دەرهێنراوە و پاشان رەوانەی پزیشکی دادی کرا: “لەئیستادا تیمەکانمان خەریکی لێکۆڵینەوەی رووداوەکەن”.
وەزارەتی خوێندنی باڵا پرسەنامەیەک ئاراستەی بنەماڵەی (د. دلێر ساڵح حسن) دەکات و دەڵێت: دڵگران و خەمبار بوین بە گیان لە دەستدانی (د. دلێر ساڵح حسن) یاریدەدەری راگری کۆلێژی کۆمپیوتەر و ئینفۆرماتیک لە زانکۆی سەلاحەدین کە بە کارەساتێکی دڵتەزێن گیانی لەدەستدا.
دەشڵێت: بۆ ئەم کۆچە پرسەو سەرەخۆشی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاراستەی خۆمان و زانکۆی سەڵاحەدین و خوێندکار و قوتابییەکانی و بنەماڵەکەی دەکەین، لە خوای گەورە داواکارین گیانی کۆچکردو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و دڵنەوایش بە خانەوادەکەی ببەخشێت.
