پێنجشەممە. ئازار 26th, 2026

فوئاد حوسێن: ئەمریکا و ئیسرائیل خویندنەوەی هەڵەیان کرد

سەیرکراوە: (15)

فوئاد حوسێن: خوێندنەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ناوخۆی ئێران هەڵە بوو؛ شەڕ بەرەو فراوانبوون دەچێت.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر ئایندەی ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە و ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکات شەڕی نێوان (ئەمریکا و ئیسرائیل) و (ئێران) بۆ ماوەیەک فراوانتر بێت پێش ئەوەی بگاتە قۆناغی ئاگربەست.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، کە واشنتن و تەلئەبیب چاوەڕوانی ئەو توانا سەربازییەی ئێستای ئێرانیان نەدەکرد. وتیشی: “ئەوان لەو بڕوایەدا بوون بە لێدانی سەرکردایەتیی ئێران، گۆڕانکاریی ناوخۆیی دروست دەبێت و خەڵکی تر دێنە سەر کار کە کاریان لەگەڵ ئەمریکا هەبێت، بەڵام ئەو خوێندنەوەیە هەڵە بوو.”

فوئاد حوسێن باسی لە مەترسییە جیدییەکانی سەر ژێرخانی ئابووریی ئێران کرد (کارەبا، نەوت، گاز و ئاو)، بەڵام جەختی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ و ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەمریکا زۆر “هەستیارن” بەرامبەر نرخی وزە، چونکە گرانبوونی بەنزین کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەڵبژاردنەکان و گیرفانی هاووڵاتیی ئەمریکی هەیە.

لەبارەی دۆخی ناوخۆی عێراقەوە، وەزیری دەرەوە نیگەرانیی قووڵی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند، هێرشەکان گەیشتوونەتە ناوجەرگەی دەوڵەت و دەزگای هەواڵگریی عێراق، ئەمەش ناکرێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت.

ئەوەشی خستەڕووم کە گرووپە چەکدارەکان خاوەنی هێزی سەربازی، ڕێکخستن و پەرلەمانین، ئەمەش ڕێگری لە حکومەت دەکات بە ئاسانی کۆنتڕۆڵیان بکات، و ئەرکی سەرەکیی حکومەت لە ئێستادا ئەوەیە کە ڕێگری بکات لەوەی خاکی عێراق ببێتە بەشێک لەم شەڕە.

بەوتەی وەزیری دەرەوە، وڵاتانی کەنداو و ئەندامانی کۆمکاری عەرەبی نایانەوێت ببنە لایەن لە شەڕێکدا کە ئیسرائیل تێیدا بێت، چونکە نایانەوێت وا نیشان بدرێت لە بەرەی ئیسرائیلدان، هەربۆیە تەنیا هیوای ڕاوەستانی شەڕ دەخوازن، هەرچەندە لە ئێستادا “دەنگی شەڕ ڕێگە نادات دەنگی گفتوگۆ سەرکەوێت.”

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 159 Today: 2,425 📊 Click Here