بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی لە بارەی ساڵیادی بوون بە سەرۆک کۆماری مام جەلال بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئامادەن بۆ هاوکاریکردنی هەر کەس و لایەنێک کە باوەڕی بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هەیە.
بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەکەدا دەڵێت: ئەمڕۆ ساتی شانازی و بەرزڕاگرتنی مێژوویەکی پرشنگدارە لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد کە بۆ یەکەمجار پێشمەرگەیەک، رابەری شۆڕشی نوێ، سەرۆک مام جەلال وەک یەکەمین کورد بووە سەرۆک کۆماری عێراق و یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراویش بوو کە لە پرۆسەیەکی دیموکراسی متمانەی بەدەستهێنا.
باسی لەوەشکردووە: “ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵگری میراتە دەوڵەمەند و بەنرخەکەی سەرۆک مام جەلالین و بەشوێن هەنگاوە سیاسییەکانیدا دەڕۆین و لەسەر هەمان ڕێباز کاردەکەین بۆ بونیادنانی وڵاتێکی گەشاوەتر و پتەوکردنی برایەتی و چەسپاندنی ئاشتی زیاتر لە نێوان هەموو لایەنە جیاوازەکان”.
“لەم کاتەدا دووپاتی دەکەینەوە ئامادەین بۆ هاوکاریکردنی هەر کەس و لایەنێک کە باوەڕی بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هەیە بە ئامانجی ئاشتی و پێکەوەیی و ئاوەدانی و خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان” بافڵ تاڵەبانی وای وتووە.
