بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و داخستنی گەرووی هورمزەوە، خواست لەسەر نەوتی خاوی ئەمریکابە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
جیا لەوەش داخستنی گەرووی هورمز وایکرد وڵاتانی ئاسیا پەنا بۆ نەوتی ئەمریکی ببەن و سەرەنجام ئاستی خواستی بازارەکانی ئاسیا بۆ نەوتی ئەمریکی نزیکەی دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادیکردووە.
بەپێی ئامارەکان تێکڕای نرخی نەوتی تەکساس لە چارەکی یەکەمی مانگی سێـدا گەیشتووەتە ٩١ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و لە ناوەڕاستی مانگیشدا نرخی هەر بەرمیلێکی لە نێوان ٩٨ بۆ ١٠٢ دۆلاردا مامەڵەی پێوەکرا، ئەم ڕەوتی هەڵکشانە لە سەرەتای مانگی نیساندا گەیشتە لوتکە و نرخەکان ئاستی ١٠٥ بۆ ١١٤ دۆلاریان تۆمار کرد.
هاوکات جیاوازیی نێوان نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت و نەوتی تەکساس گەیشتە لوتکەی مێژوویی کە ٢٥ دۆلار بوو لە کۆتایی مانگی ئازاردا.
لەم چوارچێوەیەشدا، دۆناڵد ترەمپ سەرەتای ئەم مانگە رایگەیاند کە وڵاتەکەی چیتر پێویستی بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و ئەمریکا خاوەنی بڕی پێویستە لە وزە، رووی لە وڵاتانی جیهانیش کرد و وتی، پێویست ناکات چیتر نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکڕن و داوای لێیانکرد لەمەودوا نەوت لە ئەمریکا بکڕن.
چاودێرانی سیاسی و ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە پەککەوتنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، ئەمریکای کردووەتە سەرچاوەیەکی گەورە بۆ دابینکردنی وزە بۆ جیهان و ئەم گۆڕانکارییە نەک هەر کاریگەریی لەسەر نرخەکان هەبووە، بەڵکو پێگەی جیۆپۆلەتیکیی واشنتۆنی وەک یاریزانێکی سەرەکی و جێگرەوەی هەمیشەیی لە بازاڕی وزەی جیهانیدا بەهێزترکردووە.
