بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق هۆشداری دەداتە بریکارەکانی فرۆشتنی غازی ماڵان و تەئکید دەکاتەوە کە نرخەکە دیاریکراوە و گۆڕانی بەسەردا نایات.
حسێن تالیب، بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ یەکێک لە کارگەکانی غازی ماڵان لە بەغدا ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ سەرجەم لقەکانمان لە بەغدا و پارێزگاکان ڕاسپاردووە بە پێویستی ئاسانکاری و دابینکردنی غازی ماڵان بۆ هاووڵاتییان، بەتایبەتی لە ڕێگەی فرۆشیار و بریکارە گەڕۆکەکانەوە، بۆ ئەوەی غاز بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بگاتە دەستی هاووڵاتییان، دابینکردنی غازیش بۆ خاوەن چێشتخانەکان”.
جەختیشی لەوە کردەوە کە نرخی هەر بتڵێک غاز بە شەش هەزار دینارە، کارگەکانیشیان ڕاسپاردووە کە پابەندی کێشی دیاریکراوی بتڵەکان بن بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی بڕی تەواو بەبێ هیچ کەموکوڕییەک دەگاتە هاووڵاتییان.
