سبەینێ سێشەممە، شەپۆلێکی بەهێزی شەستەباران و هەورە بروسکە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە و سەرەتاش ناوچەکانی گەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجەو کەرکووک دەگرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە، بە گشتی ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە هەندێ کات و شوێن (ناوچە شاخاوییە سنووریەکان ) بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت. لەکاتەکانی نیوەڕۆ تا ئێوارە ئەگەری تاوە باران و بروسکەی کەم کەم هەیە لەزۆربەی ناوچەکاندا، رێژەکەی زیاتر دەبێت لەناوچە شاخاوییەکان, بۆ کاتەکانی شەو کەش سەقامگیر دەبێتەوە.
هاوکات باسی لەوەشکردووە، سبەینێ سێشەممە، ئاسمان لە نێوان پەڵە هەورو نیمچە هەوردا دەبێت، لەهەندێک کات و شوێن بۆ هەوری تەواو دەگۆرێت لەگەڵ تاوە بارانی لابەلای کەم زیاتر لەناوچە شاخاوویەکانی سنووری پارێزگای دهۆک. لەکاتەکانی شەو پێشبینی دەکرێت کاریگەری زیاد ببێ بۆ ناوچەکانی تری هەرێم.
لای خۆیەوە ئاراس جەبار، شارەزا لە بواری کەشناسی بڵاویکردەوە: لە ئەنجامی کاریگەری بەهێزی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و بارستە هەوایەکی زۆر سارد لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوادا، سبەینێ سێشەممە، لەکاتەکانی بەرەبەیانەوە تاو تاو باران و هەورە بروسکە سەرەتا ناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک دەگرێتەوە و پاشان لەکاتەکانی نیوەرۆوە کاریگەری فراوانتر دەبێت بە مامناوەندی تاوە باران و تەرزە و هەورە بروسکە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی راپەرین و سۆران و سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆکیش دەگرێتەوە.
ئەوەشی وتووە: لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان هەر لەکاتەکانی نیوەرۆ بەدواوە بۆ کاتەکانی شەو کاریگەری ئەو حاڵەتە بەهێزتر ئەبێت و لەزۆربەی شوێنەکان ئەگەری شەستە بارانی بەهێز و تەرزە و هەورە بروسکەی توند ئەبێت و لەهەندێ شوێنیشدا ئاستی ئاو بەرزدەبێتەوە ، پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ 3 تا 4 پلە نزمدەبنەوە و خێرای با چالاک ئەبێت 15-25کم/ک ئاراستەی با باکوری رۆژهەڵات ئەبێت.
دەشڵێت: بۆ رۆژی چوارشەممە، کاریگەری ئەو ناجێگیریە بە شێوەیەکی بەهێز لەسەر ناوچەکانمان دەمێنێتەوە بەتایبەت بۆ ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و دەڤەری بادینان و ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سۆران و راپەرین کاریگەریەکانی بەهێزتر دەبێت و ئەگەری شەستە باران و تەرزە و بروسکەی توند دەبێت لەگەڵ دروستبوونی لافاو لەهەندێ شوێندا.
بەپێی پێشبینی ئەو کەشناسە کوردە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوکی و باکووری گەرمیان و سەنتەری پارێزگای هەولێر ناوبەناو تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە و هەورە بروسکە چالاک دەبێتەوە و پلەکانی گەرماش بەرێژەی یەک بۆ دوو پلە نزمتردەبنەوە، بەگشتی چوارشەمە لەکاتەکانی ئێوارەوە کاریگەری ئەم شەپۆلە لاواز ئەبێت کەش جێگیر دەبێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای سبەینێ سێشەممە
هەولێر: 25 پلەی سیلیزی پیرمام: 21 پلەی سیلیزی سۆران: 20 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: 10 پلەی سیلیزی سلێمانی: 18 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 20 پلەی سیلیزی دهۆک: 21 پلەی سیلیزی زاخۆ: 21 پلەی سیلیزی هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی گەرمیان: 24 پلەی سیلیزی
