پێنجشەممە. مارس 14th, 2026

ئێران: پێشنیازی لۆژیکیمان داوەتە واشنتۆن و چاوەڕێی ئەوانین

سەیرکراوە: (5)

وەزارەتی دەرەوەی ئێران: پاکستان وەک ناوبژیوانێکی پیشەیی ڕۆڵ دەگێڕێت و پێشنیاری لۆژیکیمان داوەتە ئەمریکا.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوایین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەی خستە ڕوو و جەختی لەسەر هەڵوێستی تاران کردەوە سەبارەت بە دانوستانەکان و گرژییەکانی لەگەڵ واشنتۆن.

بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، کە وەڵامی ئێران بۆ لایەنی ئەمریکی وەڵامێکی “لۆژیکی” بووە و بەرژەوەندیی گشتیی ناوچەکەی تێدا ڕەچاو کراوە. ناوبراو ستایشی ڕۆڵی ئیسلام ئابادی کرد و ڕایگەیاند: “پاکستان وەک ناوبژیوانێکی پیشەیی ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت”. تاران جەخت دەکاتەوە کە تەنها داوای مافی وڵاتەکەی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێشنیاری بەرپرسیارانەی داوەتە واشنتۆن، بەڵام لایەنی ئەمریکی بەردەوامە لەسەر داواکارییە زیادەڕەوییەکانی.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هۆکاری پەککەوتنی کەشتیوانیی لە ناوچەکەدا گەڕاندەوە بۆ “دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل” و وتی: “گەرووی هورمز پێش جەنگ کراوە بوو.” هەروەها جەختی کردەوە کە پێویستە وڵاتانی ناوچەکە خۆیان ئاسایشی خۆیان دابین بکەن بەبێ دەستوەردانی دەرەکی، چونکە بە وتەی ئەو “ئەمریکا هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ناوچەکە و جیهان.”

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، بەقایی هیوای خواست کە وڵاتی چین دەرفەتی دیداریان لەگەڵ دۆناڵد تڕەمپ بقۆزنەوە بۆ هۆشداریدان لە دەرئەنجامی جوڵە “نایاساییەکانی” ئەمریکا. ناوبراو واشنتۆنی بە “خۆسەپێن” و هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری ناوچەکە ناوزەد کرد.

سەبارەت بە دۆسیە هەستیارەکان، وتەبێژەکە ڕایگەیاند:

لە ئێستادا سەرنجی سەرەکیمان لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕە.

بڕیارەکان دەربارەی دۆسیەی ئەتۆمی و یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ کاتێکی گونجاو جێهێڵدراون.

تاران بە نیازپاکی و بەگوێرەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دانوستان دەکات، بەڵام دەبێت لایەنی بەرامبەر جددیەتی خۆی بسەلمێنێت.

لە کۆتاییدا، ئیسماعیل بەقایی دووپاتی کردەوە کە ئێران پێشوازی لە هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات کە ئامانجیان بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 176 Today: 1,915 📊 Click Here