ڕەتكردنەوەی وەڵامەكانی ئێران بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، ئاگری لە بازاڕی نەوت لە بازاڕی جیهانی بەردا و نرخی زێڕی هاڕە پێكرد.
ئومێد قەرەداغی، مامۆستای ئابووری لە زانكۆی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هێرش و وەڵامەکانی ئێرانی بە “قبووڵنەکراو” وەسف کرد، بازاڕەکانی جیهان تووشی شڵەژان بوون.
وتیشی، “نرخی نەوت بازدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی؛ بەجۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی 3.5% بەرزبووەوە و گەیشتە 104 دۆلار و 80 سەنت”.
ڕوونیشی كردەوە، لە بەرامبەردا وەک چاوەڕێ دەکرێ، نرخی زێڕ ڕووی لە دابەزین کرد و هەر ئۆنسەیەک 40 دۆلار لێبووەوە، بەو هۆیەشەوە نرخەکەی بۆ 2674 دۆلار دابەزی.
بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) لە بازاڕی زێڕنگەرانی هەولێر، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە 11ی ئایار، مسقاڵێك زێڕی عەیار 24 دابەزیوە بۆ ملیۆنێك و 141 هەزار و عەیاری 21 بە 993 هەزار و عەیاری 18 بە 855 هەزار دینارە.
