ئەمڕۆ هەینی 15ی ئایاری 2026، دوو کوتلەی سیاسیی دیار کشانەوەی خۆیان لە هاوپەیمانییەکەی محەمەد شیاع سوودانی ڕاگەیاند. هەردوو کوتلەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دووپاتیان کردەوە کە هۆکاری کشانەوەکەیان بۆ پەراوێزخستن و پێشێلکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکان لە ناو ئەنجوومەنی نوێنەران دەگەڕێتەوە. ڕیارە بەمنزیکانە ئەو دوو لایەنە لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری تر، فراکسیۆنێکی نوێی دوور لە پشکپشکێنە ڕابگەیەنن. دوێنێ پێنجشەم، پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 14 وەزیری حكوومەتەکەی زەیدی دا، و دەنگدان لەسەر نۆ وەزارەتی تر دواخرا، ئەمەش دوای هۆشدارییەکانی ئەمەریکا لە بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە حكوومەتدا. دوو کوتلەی سیاسی لە هاوپەیمانییەکەی سوودانی کشانەوە ئەمڕۆ هەینی 15ی ئایاری 2026، کوتلەی گرێبەستی نیشتمانی سەر بە فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و بزووتنەوەی سۆمەرییەکان بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەسەدی وەزیری پێشووی کار، کشانەوەی خۆیان لە هاوپەیمانیی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی پێشوو ڕاگەیاند، هۆکارەکەشیان بۆ پەراوێزخستن و دوورخستنەوەیان گەڕاندەوە. لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا هەردوو کوتلەکە ڕایان گەیاند، کشانەوەکەیان بەهۆی ئەو ڕووداوانەی دانیشتنەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوەیە، کە پێچەوانەی ڕێککەوتنە سیاسییەکان بووە و پەیمانەکان شکێنراون. هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە کە شێوازی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن بەرانبەر بە ژمارەیەک لە نوێنەرانی گەل بەکار هێنراوە، کە لەگەڵ پرەنسیپەکانی دیموکراسی و گیانی هاوبەشیی نیشتمانیدا ناگونجێت. ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە هەوڵێک هەیە بۆ زەوتکردنی مافە دەستوورییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە سیاسییەکان بە عەقڵیەتی یەکلاکردنەوەی کێشە کەسییەکان و پێشخستنی بەرژەوەندیی تاکەکەسی. ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی پشێوی لە ناو پەرلەمان، و سەرۆکایەتیی کوتلەی ئاوەدانکردنەوەیان بە بەرپرسیار زانی. هەردوو کوتلەکە بڕیاریان داوە پێوەندییان بەو کوتلەیەوە بپچڕێنن و لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری تردا کار بکەن بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نوێی نیشتمانی کە بەمنزیکانە ڕادەگەیەنرێت، کە ئامانجی پاراستنی مافی هاووڵاتییان و سەروەریی یاسایە دوور لە پشکپشکێنە. دوێنێ پێنجشەم، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی بە حكوومەتەکەی عەلی فالح زەیدی بەخشی و دەنگ بە 14 وەزیر درا، لە کاتێکدا دەنگدان لەسەر نۆ وەزارەتی تر بۆ دوای پشووی جەژنی قوربان دواخرا. ئەمەش بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان و هۆشداریی ئەمەریکا لە بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە پێکهاتەی حكوومەتی نوێدا.
سەیرکراوە: (41)
