تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی (CPT) ئامارێکی نوێی لەبارەی زیان و هێرشەکانی سێ مانگی ڕابردوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ەوە تا ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٦، کۆی ٧٥١ هێرش ئەنجامدراون کە بەهۆیانەوە ٢٢ کەس کوژراون و ١١٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ٨ی نیساندا، هێرشەکان بەردەوام بوون و لەو ماوەیەدا ١٠٤ هێرشی دیکە تۆمارکراون. ئامارەکان دەریانخستووە کە ٦٠.٣٪ی هێرشەکان لەلایەن گرووپە چەکدارییە هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراق و ٣٩.٧٪ی دیکەیان ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە ئەنجامدراون، هەروەها ٧٨.٤٪ی کۆی هێرشەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بوون.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پارێزگای هەولێر بە پلەی یەکەم ئامانجی هێرشەکان بووە و ٧٨.٣٪ی هێرشەکانی بۆ سەر ئەو سنوورە بووە. سەبارەت بە شوێنە ئامانجگیراوەکان، ٣٧.٤٪ بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا، ٣١.٧٪ بۆ سەر شوێنی مەدەنی و دامەزراوە حکومییەکان، و ٣٠.٩٪ بۆ سەر کامپی پەنابەران و بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.
لە قۆناغی دوای ئاگربەستیشدا، ئاراستەی هێرشەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە؛ بەجۆرێک ٨٢.٧٪ی هێرشەکان بۆ سەر بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و هێزەکانی ئێرانیش بەرپرسیارێتی ٨٩٪ی هێرشەکانی ئەو ماوەیەیان گرتووەتە ئەستۆ، کە تێیدا ٥ کوژراو و ١٧ بریندار لە ڕیزەکانی ئەو حزبانە تۆمارکراون.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، تیمی CPT داوای لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، سەروەری خاکی عێراق بپارێزن و لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە بکەن، هاوکات جەختیشیان لەسەر پێویستی قەرەبووکردنەوەی خێرای زیانلێکەوتووان کردووەتەوە بەپێی یاسا بەرکارەکان.











Leave a Reply