چوار کەس بە تۆمەتی کوشتنی منداڵێک دەستگیرکران

سەیرکراوە: (13)

پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی چوار تۆمەتبار بەهۆی ڕووداوێکی تەقەکردن لە شارەدێی کۆڕێ ڕاگەیاند کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵێک.

ئەمڕۆ دووشەممە پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی کاتژمێر 11ی دوێنێ شەو ڕووداوێکی شەڕکردن و تەقەکردن لە نێوان دوو لایەن لە شارەدێی کۆڕێ ڕوویدا، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەی وردیان دەستپێکرد و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە.

ڕوونیشیکردەوە کە لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تویوتا لاندگرۆز – ڕەنگی ڕەش) زیاتر لە 8 فیشەکی بەرکەوت و بەداخەوە، منداڵێک بەناوی (ڕۆژین محەمەد عەبدولڕحمان) کە تەمەنی تەنها 4 ساڵ بوو دوای برینداربوونی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بەپێی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس، دەرکەوت کە کێشەکە ڕۆژێک پێشتر و لە کاتی یاری تۆپی پێ لە یاریگای کۆڕێ لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا دروستبووە، بەبێ ئەوەی لەو کاتەدا هیچ لایەنێکیان سکاڵای فەرمی تۆمار بکەن. پاشان لە شەوی دواتردا لە بازاڕی کۆڕێ دووبارە ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە و تەقە کراوە”.

پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە ماوەیەکی پێوانەییدا توانیان ناسنامەی تۆمەتبارانی سەرەکی دەستنیشان بکەن و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی پیرمام، هەر چوار تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکە دەستگیر بکەن و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و ڕێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 224 Today: 2,407 📊 Click Here