دوای ساڵانێک ناکۆکی، بارزانی و عەلی باپیر کۆبوونەوە

سەیرکراوە: (6)

سەرۆکی پارتی و کۆمەڵی دادگەری دوای ساڵانێکی زۆر ناکۆکی کۆبوونەوە و باسیان لە قەیرانە کەڵەکەبووەکانی هەرێمی کوردستان کرد.

کەناڵی پەیام بڵاویکردەوە ئەمڕۆ عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری لە پیرمام لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان کۆبووەوە و ڕاشیگەیاند ئامانج لە دیدارەکە ئەم خاڵانە بووە؛

تاووتوێكردنی چەند پرسێكە، لەوانە بەردەوامیی ئەو قەیرانە كەڵەكەبووانەی بەرۆكی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، لە دواكەوتنی مووچە و گرانبوونی نرخی سووتەمەنی و قورسبوونی باروگوزەرانی خەڵك، كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی هەرێم بەگشتی داناوە.

هەوڵدان بۆ پاراستن و دوورخستنەوەی هەرێمی كوردستان لە جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی بە میكانیزمی حەكیمانە و بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە، تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانە.

باس لە هەوڵەكانی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ دۆسیە و گرفتە كەڵەكەبووەكانی نێوان هەرێم و بەغداد دەكرێت، بەجۆرێك ماف و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دابین بكات.

تەبایی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و سازانی نێوخۆیی، هەروەها كۆبوونەوەی لوتكەی لایەنە سیاسییەكان باسوخواسی لێ دەكرێت، بەتایبەت كە ناتەبایی و لێكترازانی سیاسیی نێوخۆیی هەرێمی كوردستان، بە فاكتەری بنەرەتیی چارەسەرنەبوونی قەیرانەكان دادەنرێت.

هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و هەنگاونان بە ئاڕاستەی پەرەپێدانیان، بابەتێكی دیكەی نێو كۆبوونەوەی هەردوو سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری و پارتی دیموكرات دەبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 178 Today: 2,208 📊 Click Here