پێنجشەممە. ئازار 5th, 2026

مووچە؛ حزبەكانی هەرێم لە بانگەشەی هەڵبژاردن دوادەخات.. چاوەڕێی ئارامی شەقامن

سەیرکراوە: (1.0K)

توێژەرێكی کاروباری سیاسی هۆکاری دواکەوتنی دەستپێکردنی بانگەشەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە بڕیارە لە 11ی 11ی 2025 ئەنجام بدرێت، لە هەرێمی کوردستان و نەبوونی کۆنفرانس و كەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدەکان، وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئاشكرادەكات و دەڵێت: لایەنە سیاسییەكان چاوەڕێی پێدانی مووچەن بۆ هێوركردنەوەی شەقام.

لەتیف ئەلشێخ، توێژەری سیاسی بۆ (بغداد الیوم) ڕایگەیاندووە، “لەئێستادا لایەنەکان و کاندیدەکانی هەرێم خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی شەقامی ناڕازیی بە هۆی سەختی بارودۆخی ئابووری بەدوور دەگرن”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “زۆربەی هێزە سیاسییەکان چاوەڕوانی ڕێککەوتنێکن، تەنانەت ئەگەر کاتییش بێت، سەبارەت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی تەمموز و ئاب، بۆ هێورکردنەوەی شەقام و گەڕاندنەوەی چالاکییەکان بۆ بازاڕِ، كە ئێستا ئیفلیج بووە”.

ئەو چاودێرە سیاسییە وتیشی، “لایەنەکان ئاگادارن، کە لە ئێستادا شەقامەکە لە دۆخێکی توڕەیی تونددایە و ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر بە ئەدای هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن، ئەمەش وایکردووە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لەم کاتەدا هەنگاوێکی مەترسیدار بێت”.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان بەهۆی بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتەکەی و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا لەسەر هەناردەکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و پشکی لە بودجە، قەیرانێکی دارایی سەختی بەخۆیەوە بینیوە و تا ئێستا مووچەخۆران تەنها 6 مووچەیان وەرگرتووە، ئەمە سەرباری نەبوونی دامەزران و پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچە.

ئەم قەیرانە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران دروستکردووە، کە بووەتە هۆی زیادبوونی ناڕەزایی گشتی و فراوانبوونی بازنەی ناڕەزایی بەرامبەر هەموو لایەنەکان، چ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و چ ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن و مامۆستایانیش بڕیاریان داوە لەجیاتی زەنگی دەستپێكی خوێندن، زەنگی بایكۆت لێبدەن و دەرگای خوێندنگەكان نەكەنەوە.

لە مێژوودا بانگەشەی هەڵبژاردن لە کوردستان بەستراوەتەوە بە کەشوهەوای ئابووری و سیاسی سەقامگیرترەوە، لایەنەکان پشتیان بە گردبوونەوەی جەماوەری و کۆبوونەوەی ئاشکرای گشتی بەستووە. ئەمەش لە ژێر ڕۆشنایی تێکچوونی بازاڕەکان و ئیفلیجی ژیانی ئابووریدا ئەستەمە.

شرۆڤەکاران پێیان وایە، لە ئێستادا هێزە سیاسییەکان بە دوای دواخستنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیاندان تا ئەو کاتەی پرسی مووچە یەکلایی دەبێتەوە و توڕەیی گشتی هەڵدەمژرێت. ئەمەش مەرجی پێشوەختە بۆ دروستکردنی ژینگەیەک، کە ڕێگە بدات بە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بەبێ مەترسی ڕەتکردنەوەی جەماوەری یان بایکۆتی بەرفراوان.

لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا، كە ساڵی 2024 بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەی برد، لە كۆی نزیكەی 3 ملیۆن و 200 هەزار كەس، كە مافی دەنگدانیان هەبوو لە هەرێمی كوردستان، تەنها نزیكەی ملیۆنێك و 200 هەزار كەسی چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان و نزیكەی 2 ملیۆن كەس بایكۆتیان كردبوو.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 211 Today: 2,443 📊 Click Here