زەیدی: ڕێ نادەین عێراق ببێەت سەرچاوەی زیانگەیاندن بە وڵاتانی دراوسێ

سەیرکراوە: (15)

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێوەدەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق دەکشێنەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە بەھیچ شێوەیەک ڕێگا نادەن خاکی وڵاتەکەی، ببێتە سەرچاوەی زیانگەیاندن بە وڵاتانی دیکە.

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا کە بە بۆنەی یادی دایکبوونی پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند “ھەر لە کاتی دەستبەکاربوونمان لە پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵێنمانداوە کە بونیادنانی عێراقێکی خاوەن سەروەریی تەواو بکەن”.

ڕاشیگەیاندووە کە بەرنامەی حکومەتەکەیان، بەرنامەیەکی ڕوون بۆ چاکسازی، ڕووبەڕووبووونەوەی گەندەڵی و بونیادنانی دامەزراوە ئەمنییەکان لە ژێر چەتری دەستووردا، لەخۆدەگرێت.

عەلی زەیدی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی مەرجەعیيەتی باڵای ئایینی و سەرجەم دامەزراوە ئایینییەکان کردووە بۆ ئەو ڕاسپاردانەی کە تیایدا جەختیان کردووەتەوە لە پاراستنی ئاسایشی عێراق، پاراستنی گەلەکەی و بەھێزکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.

ھەروەھا سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بەھیچ شێوەیەک ڕێگا نادەن خاکی وڵاتەکەی، ببێتە سەرچاوەی زیانگەیاندن بە وڵاتانی دیکە.

عەلی زەیدی باسی لەوەش کردووە کە لە ٣٠ی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا، ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق دەکشێنەوە، بەوەش عێراقییەکان تەواوبوونی سەروەریی فەرمیی خۆیان بەسەر تەواوی خاکی نیشتماندا ڕاگەیەنن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئاماژەی بەوەداوە کە چەندین دەیەیە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر گرژییەکی بەردەوامدایە کە بووەتە مایەی دابەشبوون و لێکتێنەگەیشتنی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا و ڕایگەیاندووە: “ئەمڕۆ، ئێمە زۆر پێویستمان بە بەرنامەی پێغەمبەرەکەمان ھەیە، بۆ ئەوەی یەکڕیزی بین لە ھەڵوێست و بڕیارەکاندا، تا بتوانیین خزمەت بە ئامانج و بەرژەوەندییەکانی گەلەکانمان بکەین”.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 195 Today: 1,865 📊 Click Here