پێنجشەممە. ئازار 5th, 2026

چاکسازی یاسایی و هەنگاوێک بۆ باشترکردنی سیستمی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا

Watching brief in law
سەیرکراوە: (1.3K)

یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە پەیوەندیدارن بە سیستمی پاراستنی کۆمەڵایەتییەوە کەلێنی گەورەیان تێدایە و بەو هۆیەشەوە زۆر جار هاوکارییەکان وەک پێویست نەبوون و لەسەر بنەمای حیزبی، ئایینی، تائیفی جیاکاریی کراوەو پرۆسەکە بەشێوەیەکی شەفاف نەبووەو لە زۆر روویشەوە شکۆی وەرگرانی هاوکاریی کۆمەڵایەتی نەپارێزراوە، تەواوی ئەم بابەتانەیش لە راپۆرتێکی هەڵسەنگاندنی رێکخراوی پاسەواندا خراوەتە روو، ئاماژە بەوەدراوە کە پێویستە کۆی سیستمی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بە یاسایەکی تۆکمە لەسەر بنەمای پاراستنی ماف و شکۆی هاوڵاتییان رێکبخرێتەوە.

لە راپۆرتەکەی (رێکخراوی پاسەوان بۆ توێژینەوەی سیاسسەتە گشتییەکان) ئاماژە بە کەلێنە یاساییەکان دراوە و چەند بنەمایەکی سەرەکیش دیاریکراوە کە پێویستە لەژێر رۆشناییاندا لەپێناو هاوکارییەکی کۆمەڵایەتی دادپەروەرانتر و شکۆمەندانەتر چاکسازی یاسایی ئەنجامبدرێت، وەک دەستەبەرکردنی یەکسانی رەها لە دەسڕاگەیشتن بە هاوکاریی کۆمەڵایەتی، پاراستنی شکۆمەندیی هاوڵاتییان، بوونی شەفافیەت و بەردەوامی هاوکارییەکان و دەستەبەرکردنی پرۆسەی شیاندنەوەو چەسپاندنی هاوکاریی کۆمەڵایەتی وەک خەم و ئەرکێکی گشتی. لە ژێر رۆشنایی ئەم بنەمایانە، رێکخراوەکە داوا دەکات چاکسازیی لە کەلێنە یاساییەکانی بواری پاراستن و هاوکاریی کۆمەڵایەتی کرێت لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستاندا و کەلێنەکانیش بریتین لە:

ترافیکی یاسایی یەکێکە لە کێشەکانی تەشریع لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەمانای ئەوەی چەندین یاسای جۆراوجۆر بابەتی پاراستنی کۆمەڵایەتیان روماڵکردوە، ئەمەش بەجۆرێک لەجۆرەکان کێشەی بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن و لایەنە پەیوەندیدارەکان دروستکردوە، بۆیە پێویستە لەیەک یاسای تۆکمەدا کۆی ئەوەی پەیوەندی بە پاراستنی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، جێبکرێتەوە. • نەبوونی دەقێکی دیاریکراو لە یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بوونی یەکسانی و دادپەروەریی بۆ دەستڕاگەیشتن بە هاوکاریی کۆمەڵایەتی بەتایبەت بۆ ئەوانەی پێویستییان بە هاوکارییە. • رێکنەخستنی هاوکاریی کۆمەڵایەتی نافەرمی لە هیچ کام لە یاساکانی تایبەت بە هاوکاریی کۆمەڵایەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا. • پاراستنی شکۆمەندیی وەرگرانی هاوکاریی کۆمەڵایەتی، لەهیچ یەکێک لەیاسا تایبەتەکانی ئەم بوارەدا، نە لە هەرێمی کوردستان و نەلە عێراقی فیدراڵیش، دەقیان لەسەر پاراستنی نهێنی ئەو کەسانە نەداوە، کەشایستەی هاوکاریی پاراستنی کۆمەڵایەتین، بەتایبەت لەسەر ئەوە دەقیان نەداوە کە نابێت وێنەو ڤیدیۆیان بگیرێت و بڵاوبکرێتەوە. لەکاتی سەرپێچیکردن پەنا بۆ لایەنی پەیوەندیدار ببرێت کە دادگاکانە. • پاراستنی شەفافیەت و رێگریکردن لە جیاکاریی بەتایبەت لەسەر بنەمای (رەگەز، ئایین، نەتەوە، وەلای سیاسیی) لە هیچ کام لە یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئەم بنەمایانە بەتۆکمەیی نەچەسپێندراون.

رێکخراوەکە بە هاوبەشی پەیمانگەی IDSی بەریتانی، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، دوو توێژینەوەی تایبەتی لەسەر ئەزموونی ژیانی وەرگرانی هاوکاریی کۆمەڵایەتی و ئاستی بەرپرسیارێتی لە هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا ئەنجامدا و دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکان بوون بە هەوێنی پرۆژەیەکی نوێ لەسەر چاکسازیی یاسایی لە سیستمی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا و لە دەرئەنجامدا چەندین راسپاردەی تایبەت بەو بوارە ئامادەکراوەو رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک پەرلەمانی عێراق، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق و پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت و هەروەها راپۆرتەکەش ئاراستەی ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییانە دەکرێت کە لە بواری پاراستنی کۆمەڵایەتی عێراقدا کاردەکەن وەک (یەکێتی ئەوروپا و ILO, WFP, UNICEF)

پرۆژەی چاکسازیی یاسایی لە مانگی 5ی 2025ەوە دەستیپێکردووەو کاری لەسەر هەڵسەنگاندنی 11 یاسای تایبەت بە پاراستنی کۆمەڵایەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا کردووە کە بریتین لە یاساکانی:

یەکەم: یاساکانی عێراق – ئیتیحادی: – قانون وزارە العمل و الشؤون الاجتماعیە رقم (8) لسنە 2006 المعدل – قانون رعایە ذوی الاعاقە والاحتیاجات الخاصە رقم (38) لسنە 2013 – قانون دعم المشاریع الصغیرە المدرە للدخل رقم (10) لسنە 2012 – قانون العمل، قانون رقم (37) لسنە 2015 – قانون الحمایە الاجتماعیە رقم (11) لسنە 2014 – قانون التقاعد والضمان الاجتماعی للعمال رقم 18 لسنە 2023

یاساکانی هەرێمی کوردستان: – یاسای ژمارە (١٤) ساڵی ٢٠٠٧ یاسای وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی -کوردستان – یاسای ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠١١ ی ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت هەموارکراو بە یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی 2021. – یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٢١ هەمواری یەکەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت له هەرێمی کوردستان-عێراق. – یاسای ژمارە (٣٩) ی ساڵی ١٩٧١ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٢ یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران . – یاسای ژمارە (٢) ی ساڵی ٢٠١١ یاسای سەندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووکەکانی لاوان لە هەرێمی کوردستان-عێراق.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 157 Today: 2,565 📊 Click Here