بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی رایدەگەیەنێت، کە ئەو چەند کەسەی لە سعوودیە دەستگیر کراون بە تۆمەتی بردنی ماددەی هۆشبەر هاووڵاتی و عومڕەکاری هەرێمی کوردستان نین و خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عیراقن
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان ئەوە روون دەکاتەوە، کە سەرجەم کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە و خاوەن کۆمپانیا بەرێزەکان بەو پەری رێزەوە پابەندن بە رێنماییەکانی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی.
دەشڵێت، هەرێمی کوردستان نە لە نزیک نە دوور پەیوەندی بەو پرسەوە نییە و بەداخەوە ئەگەر بەهەر جۆرێک ناوی پارێزگایەکی هەرێمی کوردستانیش بهێنرێت هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو کەسانەی لە شاری مەدینە دەستگیر کراون وێنەکانیان لە میدیا سعوودی و جیهانییەکان بڵاوکراونەتەوە ئاماژەیەکی ڕوونە کە ئەمانە دانیشتووی کام شوێن و کام ناوچەن.
رایدەگەیەێنت، کە پەیوەندی و هەماهەنگیییەکی توندو توڵ و پتەومان لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عیراق و هەموو دەزگاکانی دیکەی حکومەتی فیدراڵ هەیە و هەر رێنمایەکیش لە دەستەی حەج و عومڕەی عیراقییەوە دەرچووبێت وەکوو خۆی جێبەجێ کراوە بۆ بەرچاو روونی هەمووان کە ماوەی سێ ساڵە لەسەر یەک لە سعوودیە خەڵاتی باشترین شاندی حاجیانیان دراوە بە وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو دەستکەوتە لە نێوان هەموو شاندی وڵاتانی جیهان.
