چوارشەممە. نیسان 29th, 2026

پارێزگای هەولێر: پڕۆژەی ڕووناکی و پشتێنەی سەوزایی هێزی 31 ملیۆن داریان هەیە

سەیرکراوە: (1.3K)

پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر و پڕۆژەی ڕووناکی کاریگەریی گەورە و بەرچاو لەسەر ژینگە دروست دەکەن و پارێزگای هەولێر دەڵێت، هەردوو پڕۆژەکە هێزی چاندنی 31 ملیۆن داریان دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە کاتێکدا دنیا ڕووبەڕووی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتەوە، حكومەتی هەرێمی کوردستان بە دیدێکی ستراتیجى و دووڕەهەند، هەنگاوی کردەیی دەنێت بۆ پاراستنی ژینگە و دابینکردنی داهاتوویەکی تەندروست بۆ هاووڵاتییانی و ڕوونیشیکردەوە کە ئەم ستراتیجییە تەنیا لە چاندنی داردا کورت نابێتەوە، بەڵکو خۆی لە دروستکردنی “سییەکی سەوزی بەرجەستە” لە ڕێگەی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر و هەروەها بنیاتنانی “دارستانێکی نەبینراو” لە ڕێگەی لەناوبردنی گەورەترین سەرچاوەی پیسبوونی هەوا “نەهێشتنی مۆلیدەكان”دا دەبینێتەوە کە ئەویش پڕۆژەی ڕووناکییە.

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر تەنیا پڕۆژەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو شۆڕشێکی سەوزە کە سیمای پایتەخت بۆ هەمیشە دەگۆڕێت، پلانەکە ئەوەیە کە بە درێژایی 92 کیلۆمەتر و پانیی دوو کیلۆمەتر، وەک دایکێکی بەسۆز باوەش بە هەولێردا بکات و بیپارێزێت.

لەم پڕۆژە ستراتیجییەدا، حەوت ملیۆن نەمامی بەرداری وەک زەیتوون و فستق دەچێنرێت، ئەم ژمارە گەورەیە نەک تەنیا ڕێژەی سەوزایی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە، بەڵکو دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری و هەلی کاریش دەڕەخسێنێت. بەپێی ئامارەکان، ئەم دارستانە دەستکردە کە ڕووبەرەکەی دەگاتە 184 کیلۆمەتری دووجا، توانای هەڵمژینی نزیکەی 210 هەزار تۆن گازی ژەهراویی دووانە ئۆکسیدی کاربۆنی دەبێت ساڵانە. ئەمە بەشە “بینراو” و بەرجەستەکەی پلانەکەیە کە تێیدا هەر هاووڵاتییەکی هەرێم دەبێتە خاوەنی دارێک.

ئەوەشی خستەڕوو کە هاوتەریب لەگەڵ دارستانە سەوزەکە، حكوومەتی هەرێم خەریکی دروستکردنی دارستانێکی تری “نەبینراو”ە کە کاریگەرییەکەی لەوەی یەکەم کەمتر نییە. پڕۆژەی ڕووناکی، بە کوژاندنەوەی هەزاران مۆلیدەی ئەهلی، ساڵانە بڕی 600 هەزار تۆن گازی ژەهراویی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوای هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە.

بۆ ئەوەی لە قەبارەی ڕاستەقینەی ئەم دەستکەوتە تێبگەین، دەبێت بیگۆڕین بۆ زمانی سروشت؛ بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، دارێکی پێگەیشتوو ساڵانە نزیکەی 25 کیلۆگرام گازی CO2 هەڵدەمژێت، بە ئەنجامدانی کردارێکی ژمێریاریی سادە، کەمکردنەوەی 600 هەزار تۆن CO2، هاوتایە لەگەڵ ئەو کارەی کە 24 ملیۆن دار لە ماوەی ساڵێکی تەواودا ئەنجامی دەدەن.

پارێزگای هەولێر ڕاشیگەیاند، ئەم 24 ملیۆن دارە “گریمانییە” بۆ چاندن پێویستیان بە ڕووبەرێکی نزیک بە 240 کیلۆمەتر چوارگۆشە هەیە، کە لە ڕووبەری شاری سلێمانی گەورەترە. کەواتە، پڕۆژەی ڕووناکی بەبێ چاندنی یەک دار، کاریگەریی دارستانێکی لە شاری سلێمانی گەورەتری بۆ ژینگەی کوردستان دروست کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کاتێک کاریگەریی هەردوو پڕۆژەکە کۆ دەکەینەوە، قەبارەی ڕاستەقینەی دیدە ستراتیجییەکەی حكوومەت ئاشکرا دەبێت، پشتێنەی سەوزایی: حەوت ملیۆن داری ڕاستەقینە و پڕۆژەی ڕووناکییش هێزی ژینگەیی 24 ملیۆن داری گریمانەیی”.

ڕاشیگەیاند، کۆی گشتیی ئەم دوو پڕۆژەیە، هێز و کاریگەریی ژینگەیی زیاتر لە 31 ملیۆن دار دەبەخشێتە هەرێمی کوردستان، ئەمە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی کە حكوومەت نەک تەنیا یەک دارستان، بەڵکو دوو دارستانی گەورە لە یەک کاتدا دروست دەکات؛ یەکێکیان بە چاو دەبینرێت و ئەوی تریان لە پاکیی هەوادا هەستی پێ دەکرێت. ئەم دوو هەنگاوە تەواوکەرن، هەرێمی کوردستان دەکەنە پێشەنگی ناوچەکە لە بواری ژینگەپارێزی و وەبەرهێنان لە داهاتوویەکی سەوز و تەندروستدا.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 259 Today: 1,122 📊 Click Here