لە چوارچێوەی پلانی هاتووچۆی سلێمانی بۆ ساڵی نوێی خوێندن، هاتووچۆی بارهەڵگر لە کاتژمێرێکی بەیانیاندا قەدەغە کرا و دوو داواکاریش ئاڕاستەی سۆفێرانی ئۆتۆمبێل بە گشتی و پاسەکانی گواستنەوەی خوێندکاران بە تایبەتی دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە ئاگادارییەکدا پلانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەبارەت بە دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بۆ شۆفێران و لایەنە پەیوەندیدارەکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هاتنە ناوەوەی بارهەڵگرەکان بۆ ناوشاری سلێمانی لەڕێگەی بازگەکان و سنوری شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە ڕۆژی یەکشەممە ٢١/٩/٢٠٢٥ لەکاتژمێر ٧:٣٠ بۆ ٨:٣٠ جگە لە ڕۆژانی هەینی قەدەغەیە بە مەبەستی کەم کردنی لۆد و قەرەباڵغی و گرفت و ئاستەنگی هاتووچۆیی و جێبەجێکردنی ئەم کارە لە ئەستۆی مەفرەزەکانی بەشی هاتووچۆی بازگەکان و هەردوو هاتووچۆی ناوشار (ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا) جێ بەجێ دەکرێت جگە لە قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوە لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێت بەرامبەر هەر سەرپێچیەکی تر.
داواشی لە شۆفێران کرد ڕەچاوی خێراییەکان بکەن لەناوچەکانی نیشتەجێبوون و بەردەم سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و ئاگاداری زیاتریان هەبێت بۆمنداڵان و پیادە ڕەوەکان.
هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، داوا لەشۆفێرانی ئەو پاسانە دەکەین کە منداڵ و قوتابیان دەگوازنەوە رەچاوی ژمارەی یاسایی خویندکاران لەناو پاسەکانیان بکەن و سەرنشینی زیادە سەرنەخەن و ڕێگا بە منداڵان نەدەن بەشێک لەجەستەیان لەجامەکان دەربکەن و لەجێی خۆیان دابنیشین، لەکاتی سەرکەوتن و دابەزین لەبەردەم قوتابجانەکان ئاستەنگ و لۆد دروست نەکەن و مەفرەزەکانی هاتووچۆی ناوشار لەکاتی سەرپێچیکردنی شۆفێرەکان لێپرسینەوەی یاسایی دەکەن.
