شارەزایەکی بواری نەوت، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، تورکیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕێککەوتنەی پێشتر لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە واژۆکراوە تا مانگی تەمموزی 2026 کاری پێدەکرێت و ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن دەدات بەبێ بەربەستی یاسایی.
بەهجەت ئەحمەد، شارەزای بواری نەوت بە بەغداد ئەلیەوم-ی ڕاگەیاند: “ئەو ڕێککەوتنەی پێشتر لە نێوان عێراق و تورکیا واژۆ کرابوو، تا مانگی تەمموزی 2026 کاری پێدەکرێت، هەر بۆیەش دەتوانێت هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، هەروەها ئەنقەرە فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی سۆمۆوە بۆ دڵنیابوون لە نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ حکومەتی عێراق”.
شارەزایانی دامەزراوەیی ئەم گوشارەی تورکیا وەک بەشێک لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی داهاتە ئابوورییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وزەی ئەنقەرە لە ناوچەکەدا لێکدەدەنەوە.
ئەو شارەزای بواری نەوتە ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمجارە ڕێککەوتنی سێ قۆڵی نەوتی نێوان بەغدا و هەولێر و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت بەردەوام دەبێت، بەو پێیەی سوودی بۆ هەموو لایەنەکان هەیە، کۆمپانیا نەوتییەکان مافی دارایی خۆیان لە شێوەی نەوت وەردەگرن، بە بەهای هەر بەرمیلێک 16 دۆلار. ئەمەش سوودی بۆ کۆمپانیاکان هەیە، بۆیە پێویست ناکات چاوەڕێی وەرگرتنی مافەکانیان بکەن. هاوکات سوودی بۆ حکومەتی فیدراڵی هەیە، کە ئەو کۆمپانیا نەوتیانە مافی دارایی خۆیان لە شێوەی نەوت وەردەگرن پارە نادات بەڵکو نەوت دەدات، چونکە ڕووبەڕووی قەیرانی نەختینەیی بووەتەوە”.
سەرچاوەیەکی ئاگادار دوێنێ هەینی بڵاویکردەوە، هەرسێ لایەنی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمدا کاردەکەن، گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک و ڕێککەوتنیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم خۆشکردووە. لە بەیاننامەیەکدا سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، “رێکەوتنێکی سێ قۆڵی لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند و کۆمپانیا نەوتییەکان کراوە”، ئاماژەیە بۆ ئەوەی “بڕیارە هەفتەی داهاتوو ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
ئەو سەرچاوەیە زیاتر وتی، “شەوی ڕابردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە هەرێم ڕەزامەندی خۆی دەربڕی لەسەر تێبینییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەروەها هەردوولا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە ڕێککەوتنەکەدا دیاریکراوە کە هەرێم 50%ی ئەو نەوتەی کە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بەرهەمدەهێنرێت دەهێڵێتەوە، لەکاتێکدا ئەوەی دەمێنێتەوە لە ڕێگەی (سۆمۆ) هەناردە دەکرێت”. دەشڵێت، “حکومەتی فیدراڵی پارەی کۆمپانیا نەوتییەکان دەدات و نرخی هەر بەرمیلێکی بەرهەمهێنراو بە 16 دۆلار خەمڵێندراوە”.
