بەڕێوەبەرایەتی گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بڕیارێکی لەبەرژەوەندی کرێکارانی خانەنشینکراو دەرکرد و دەڵێت”کەمترین مووچە دەبێت 500 هەزار دینار بێت”.
لە بڵاوکراوەیەکدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (٢٥٩) لە ڕێكەوتی ٣/٧/٢٠٢٤، لە ئەنجوومەنی كارگێڕیی خەزنەی خانەنشین و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران بڕیار درا بە دیاریكردنی ڕادەی هەرە كەمی مووچەی خانەنشینی كرێكاران بە بڕی (٥٠٠,٠٠٠) پێنج سەد هەزار دینار كە هاوتایە لەگەڵ مووچەی خانەنشینیی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی.
بەپێی بڵاوکراوەکە، ئەنجوومەنی كارگێڕیی خەزنەی خانەنشین و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران لە كۆبوونەوەی ژمارەی (١٧٩)ی خۆیدا سەبارەت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (٢٥٩) لە ڕێكەوتی ٣/٧/٢٠٢٤، پاڵپشت بە یاسای ژمارە (٤ی ساڵی ٢٠١٢)ی هەمواری یاسای پیادەكردنی یاسای خانەنشین و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران ژمارە (٣٩ی ساڵی ١٩٧١)، رادەی هەرە كەمی مووچەی خانەنشینی كرێكارانی دیار كرد كە بەپێی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو ژمارە (٩ی ساڵی ٢٠١٤)ی عێراقی بریتییە لە (٥٠٠,٠٠٠) پێنج سەد هەزار دینار.
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، لە هەرێمی كوردستان نزیكەی (١٠٠٠) هەزار كرێكاری خانەنشینكراو هەیە، كە مووچەی مانگانەیان لەلایەن خەزنەی خانەنشین و دەستەبەری كۆمەڵایەتی دابین دەكرێت، خانەنشینكردنی كرێكاران بۆ ئەو كرێكارانەیە كە دەستەبەر كراون و بە هۆكاری هەڵكشانی تەمەن، گیان لەدەست دان یان پێكانی كار خانەنشین دەكرێن.
