ئێران: بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ هورمزی کردەوە

سەیرکراوە: (17)

ئێران: بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ ڕێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دەدەین بەبێ وەرگرتنی باج

ئاژانسی هەواڵی “فارس”ـی ئێرانی، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، ئێران بڕیاریداوە بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ هیچ باجێک لەو کەشتییانە وەرنەگرێت کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن.

ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە، کە دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەی ٦٠ ڕۆژە، تاران پلانی داناوە دەست بکات بە وەرگرتنی ڕەسمی باج لە کەشتییەکان. ئەم باجەش وەک پارەی بەرامبەر بەو خزمەتگوزارییانە دەبێت کە ئێران لە بوارەکانی “ئاسایش، هاتووچۆی دەریایی و دڵنیایی” پێشکەشیان دەکات، هەرچەندە هێشتا وادەی دەستپێکردنی ئەو ڕێکارە دیاری نەکراوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی ئەمریکا بەشێوەیەکی سەرەتایی لەگەڵ بیرۆکەی وەرگرتنی باج لە گەرووی هورمز ڕازی بووە. هەروەها لە تێکستی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێراندا هاتووە کە ڕێکخستنی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز تەنها بە دەسەڵاتی ئێران و سوڵتاننشینی عومان دەبێت.

لە کاتێکدا ڕۆژی یەکشەممە (١٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦) سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کازم غەریب ئابادی، تەواوبوونی یاداشتی لێکتێگەیشتنیان پشتڕاست کردەوە، بڕیارە ڕێککەوتنەکە لە ١٩ـی حوزەیران لە سویسرا واژۆ بکرێت.

بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەم یاداشتە گرنگترین بەندی ئەوەیە کە “وەستاندنی دەستبەجێی هەموو چالاکییە سەربازییەکان” لەسەر هەموو بەرەکان لەخۆ دەگرێت، لەنێویاندا دۆخی لوبنان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 155 Today: 3,090 📊 Click Here