بارزانی: هەرێمی کوردستان بەشێکە لە چارەسەر

سەیرکراوە: (18)

بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیریی دەبێت و دەشڵێت: هەمیشە ئاشتی لەشەڕ باشترە و دانوستاندن لە پێکدادان باشترە و لێکتێگەیشتن لە ناکۆکی و گرژی باشترە.

ڕۆژی دوو شەممە 14ی ئەیلوولی 2026 لە پیرمام مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا باڵیۆز ستیڤ فەیگن خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە جارێکی دیکە بۆ ئەرکێکی تازە گەڕاوەتەوە عێراق و سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و هیوای خواست کە بتوانێت زیاتر بەردەوام بێت.

جەختی لەوە کردەوە، کە ئەمریکا پشتیوانی عێراق و هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئابووری پارێزراوبێت و جەختی لە هەماهەنگی لایەنەکان کردەوە لە پێناو پاراستنی پڕۆسەی سەروەریی عێراق و زیاتر برەودان بە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

فەیگن جەختی کردەوە، کە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی عێراق هەڕەشەیە بۆسەر هەموو لایەک و عێراق هاوتەریب لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەتوانن لەم بوارەدا ڕۆڵێکی باش ببینن.

وتیشی، “ئەمریکا پاڵپشتی لە عێراقێک دەکات کە هێزە میلیشیاییەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمی حکومەتەوە چەکدار نەبن بۆ ئەوەی دەرفەتی سەقامگیری سیاسی و ئابووری لێبکەوێتەوە”.

لای خۆیەوە بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیریی دەبێت.

بارزانی ئاماژەشی بەوەدا، بۆ سەرکەوتنی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەر بابەتێک لە چوارچێوەی سەقامگیری و دەستووری عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆربێت ئێمە پشتیوانی لێ دەکەین و هەروەها لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پاڵپشتیی سەرۆک وەزیرانی عێراقمان کردووە و سووڕین لەسەر بەردەوامی ئەم کارە هاوبەشانە.

سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە بارزانی ئاماژەی بەوەدا، کە هەمیشە ئاشتی لەشەڕ باشترە و دانوستاندن لە پێکدادان باشترە و لێکتێگەیشتن لە ناکۆکی و گرژی باشترە، بۆیە هەمیشە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە چارەسەر و بەشێک نەبووە لەو کێشانەی لەسەر ئاستی هەرێمایەتیدا هەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 131 Today: 1,671 📊 Click Here