جەعفەر شێخ مستەفا:هەر هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بێت میلیشیایە

سەیرکراوە: (12)

جەعفەر شێخ مستەفا: لەمەودوا هەر هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بێت وەک میلیشیا و بەکرێگیراو هەژمار دەکرێت.

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە (٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦)، لە دیدارێکی میدیاییدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو، ڕۆژی یەکخستنی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگەی لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا بە “رۆژێکی مێژوویی” ناو برد و جەختی کردەوە که لەمەودوا کاری حیزبی لەناو هێزی پێشمەرگەدا بە تەواوی قەدەغەیە.

جەعفەر شێخ مستەفا ڕایگەیاند، کە بۆ ئەم پرۆسەیە وەک میلاک (١٣٨ بۆ ١٣٩ هەزار) پێشمەرگە دانراوە و لە ئێستادا نزیکەی ١٠٠ هەزار پێشمەرگە دەچنە ناو ئەم رێکخستنەوە. هەروەها هۆشداریی دا کە دەبێت سەرجەم هێزە چەکدارەکان ملکەچی یاسا بن و ڕای گەیاند: “هەر هێزێک لە دەرەوەی چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و لە دەرەوەی یاسا و ڕێنماییەکان بمێنێتەوە، وەک میلیشیا و بەکرێگیراو (مورتەزەقە) هەژمار دەکرێت”.

لەبارەی دۆخی دارایی و مافەکانی پێشمەرگەوە، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، که تەواوی هێزی پێشمەرگە لە سیستەمی “هەژماری من”دا تۆمار کراون و هیچ پێشمەرگەیەک لە دەرەوەی ئەو سیستمە نەماوەتەوە. جەختیشی کردەوە که لەمەودوا هێزەکە یەک بودجە، یەک یەکەی ژمێریاری و جلوبەرگی یەکپۆشی دەبێت، و نابێت بە هیچ شێوەیەک چەک ببرێتەوە ماڵەوە بەڵکو دەبێت لە کۆگە سەربازییەکاندا بپارێزرێت.

سەبارەت بە پێگەی یاسایی هێزی پێشمەرگە، ناوبراو ڕوونیکردەوە کە پێشمەرگە لە دەستووری عێراقدا وەک “پاسەوانی هەرێم” جێگیر کراوە و جیاوازە لە گرووپەکانی دەرەوەی دەوڵەت، بۆیە پێویستە مووچە و ئیمتیازاتەکەی لەگەڵ سەربازێکی سوپای عێراقدا یەکسان بکرێت.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، جەعفەر شێخ مستەفا باسی لە مەترسییەکانی چەکدارانی داعش کرد و ئاشکرایکرد، که هێشتا شانەی نووستوو و مەفرەزەیان لە بۆشاییە ئەمنییەکاندا ماوە، و لە ماوەی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی ٢٠ کەس لەو شانە نووستووانە دەستگیر کراون کە سەرجەمیان کوردن.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەبارەت بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان، جەختی کردەوە که دەبێت هەرێمی کوردستان پشت بە توانای خۆی ببەستێت، چونکە هاوپەیمانان تا کۆتایی دنیا لێرە نامێننەوە، و ئاماژەی بەوەش دا که هەرێم دەتوانێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق سیستەمی بەرگریی پێویست دابین بکات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 155 Today: 1,963 📊 Click Here