داتای مامۆستایانی گرێبەست خرایە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی ۲۰۲۷

سەیرکراوە: (16)

داتای مامۆستایانی گرێبەست خرایە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی ۲۰۲۷ و شاندێک دەچێتە بەغدا

مامۆستا ئاوات، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بە خەڵك-ی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی بودجەی هەرێم و ستافی ئامادەکاری پڕۆژەی بودجە، ناوی مامۆستایانی گرێبەست و تەواوی داتاکانیان بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 پەسەند کراو خرایە ناو بەرنامەی کارەوە، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمدا (مانگی 10) ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بكرێت.

وەزارەتی دارایی ئامادەکارییە داراییەکان و لیستی تەواوی ناوی مامۆستایانی گرێبەستی تەواو کردووە بەمەبەستی داواکردنی شایستە داراییەکانیان لە بەغدا. داواکارییەکە تەرخانکردنی بودجە بۆ پێویستییە ماددییەکان، پارەی بڕوانامە، پاداشت، و قەرەبووی ساڵانی ڕابردووی دانەمەزراندن لە هەرێم لەخۆدەگرێت، لەپاڵ چین و توێژە بێبەشبووەکانی تری مافی دامەزراندن.

هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە، شاندێکی تایبەت بەرەو بەغدا بەڕێدەکەوێت بۆ دروستکردنی پاڵپشتیی زیاتر لەلایەن پەرلەمانتاران، لیژنەی دارایی، و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ.

ئامانج لەم هەنگاوەش سەرخستنی داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم و جێگیرکردنی مافە داراییەکانی مامۆستایانی گرێبەست لە بودجەی گشتیی عێراقدا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 147 Today: 2,092 📊 Click Here