سوپا و دژەتیرۆر بڵاوەیان پێکرا

سەیرکراوە: (30)

هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەمڕۆ هەینی بارەگای کۆنترۆڵکەریان لە ناحیەی جورف سەخر (جورف نەسڕ) بە فەرمی کردەوە و دەستیان بە بڵاوەپێکردنەوە و جێگیرکردنی هێزەکان کرد؛ هاوکات بڕیارە سبەی شەممە ڕێگا و پردی فازڵییە بەرەو پارێزگای کەربەلا بە ڕووی هاوڵاتییاندا بکرێتەوە.

ئەحمەد حاتەم حەمید، فەرماندەی بارەگای کۆنترۆڵکەر پشتڕاستیکردەوە، کردنەوەی بارەگاکە و بڵاوەپێکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە و سبەی ڕێگای فازڵییە بەرەو کەربەلا دەکرێتەوە.

لە هەمان کۆنگرەدا، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند، سبەی شەممە کاتژمێر 6: 00ی بەیانی ڕێگای گشتی بە ڕووی هاوڵاتییاندا دەکرێتەوە. ئاشکراشیکرد کە پۆلیسی وزە دەستی بە پاراستنی بۆریی نەوت کردووە و فەوجێکی مەغاویر بۆ پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت بڵاوکراوەتەوە.

هاوکات عەبدولئەمیر ڕەشید یاڕوڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق ئەمڕۆ هەینی گەیشتە جورف نەسڕ بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی گۆڕین و بڵاوەپێکردنەوەی یەکەکانی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی و فەوجێکی دژەتیرۆر وەک هێزی یەدەگ لە قۆڵە جیاوازەکانی ناوچەکەدا.

لەلایەکی دیکەوە، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند: «پرۆسەی بڵاوەپێکردنی هێزەکان و گۆڕینی قۆڵەکانی بەرپرسیارێتی لە ئەمڕۆوە بەڕێوەدەچێت و ڕێپێدان و دەسەڵاتی تەواو دراوەتە بارەگای کۆنترۆڵکەر بۆ چەسپاندنی ئاسایش و یاسا لە جورف نەسڕ».

#کوردستان_پرێس #عێراق #جورف_سەخر #کەربەلا

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 87 Today: 601 📊 Click Here