قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی بەڵکو پێشێلکردنێکی مەترسیداری سەروەریی عێراقە.
ئەمڕۆ دووشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “بە ئامانجگرتنی نووسینگەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندترین شێوە ئیدانەی دەکەین”.
وتیشی: “هەڵوێستی هەرێم لە دەستپێکی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە زۆر روون و راشکاوانە و ئاشتیخوازنە بووە. هەربۆیە ئەم جۆرە هێرشانە نەک تەنها رێزنەگرتنە لە هەڵوێست و رۆڵی ئاشتیخوازنەی هەرێمی کوردستان، بەڵکو پێشێلکردنێکی مەترسیداری سەروەریی عێراقە”.
ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “بەپێی لێکۆڵینەوە و زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ ئۆفیسی تایبەتی من و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، لە هێرشێکی درۆنیی ئێرانیدا کراونەتە ئامانج”.
سەرۆکی حکومەت دەڵێت: “بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم. ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان”.
وتیشی: “ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن بمانوەستێنن لە بەردەوامبوونمان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان”.
دەزگای دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاڕاستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە شارۆچکەی پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.
ڕاشیگەیاند، “خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە”.
دەزگای دژەتیرۆری کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: “ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین، تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە”.











Leave a Reply