دوای ئەوەی بانكی ناوەندی عێراق نیاز و سیاسەتی نەختینەیی وڵاتی ڕاگەیاند بۆ گۆڕینی شێوازی دراو “دینار”ی عێراقی بە مەبەستی بەهێزكردنی دراوەكە و گێڕانەوەی “بڕی 8 ترلیۆن دیناری دزراو” ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە و ئەگەر بڕیارەكە پەسەند بكات، ئەوكات پڕۆژە یاسای گۆڕینی دراوەكە دەنێردرێتە پەرلەمان.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، سفرەکانی سەر دراو لادەبرێن و ئەمەش سوودی زۆرەی هەیە بۆ دراوی عێراق.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لابردنی سفرەکانی سەر دراو لەڕووی ئابووری و شەفافیەتەوە کاریگەریی هەیە و تەنها گەندەڵکاران زیانی لێ دەکەن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوێنێش، بانكی ناوەندی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەی چڕوپڕیان كردووە بۆ تاوتوێ كردنی پرسی گۆڕینی دراوی عێراقی و لابردنی سفرەكانی و هاوكات داڕشتنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار.
ئامانجی سەرەكی لە گۆڕینی دراو “دینار”ی عێراقی چەند خاڵێكە، كە گرنگترینیان وەك بەرپرسانی عێراق دەڵێن: گێڕانەوەی بڕی 8 ترلیۆن دیناری دزراوە، كە لەو ڕێگەیەوە دەگەڕێنرێتەوە خەزێنەی گشتی و لانی كەم ئەوەی نەیهێنێتەوە بەدەستیەوە دەسووتێت، هاوكات ئامانجێكی دیكە بریتییە لە گۆڕانكاری لە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار و هاوكات بووژاندنەوەی ئابووری عێراق و كەم كردنەوەی هەڵئاوسان، ئەمە سەرباری ئەوەی ماوەی 22 ساڵە دراوی عێراقی نەگۆڕاوە و لەو ماوەیەشدا گۆڕانكاری گەورەی ئابووری لە جیهاندا ڕوویانداوە.
ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی دارایی لە ڕووونكردنەوەیەكدا سەبارەت بەو پرسە دەڵێت: لادانی سفرەکانی سەر دینار واتە گۆرانکاری لە نرخ و بەهای دیناری عێراقی، لەنیو یاسای بانکی ناوەندیدا ئەم دەسەڵاتە نەدرواوەتە بانکی ناوەندی، چونکە بانکی ناوەندی لەپێناسەکەیدا هاتوە کە راوێژکاری حکومەت و وەزارەتی داراییە، کەواتە ئەم بڕیارە دەبێت بەیاسا رێکبخرێت. کە لەماددەی (١١٠) دەستوردا لەبرگەی (سێهەم) دا هاتوە:رەسمی سیاسەتی دارایی و گومرگی و دەرکردنی دراو…….وە رەسمی سیاسەتی نەختینەیی و دامەزراندنی بانکی ناوەندی و بەرێوەبردنی، لەدەسەڵاتە فیدراڵیەکانە.
ڕوونیشی كردۆتەوە، دەبێت گۆرینی نرخ و بەهای دینار بە یاسا رێکبخرێت، هەربۆیە پرۆژەی گۆرینی دراوی عێراقی دوو بەشە، گۆرینی دراوەکە لەدەسەلاتی بانکی ناوەندییە ماددەی (١٦ ، ٣٢) لەیاسای بانکی ناوەندی و گۆرینی بەهاو نرخەکەی بەیاسا دەبێت، هەربۆیە دەرکردنی یاسا بەپێشنیاری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆک کۆمار دەبێت و پەرلەمانیش پەسەندی دەکات.
ئاشكراشی كرد، ئەوەی دوێنێ پارێزگاری بانکی ناوەندی باسی کرد رەشنوسی پرۆژە یاساکە ئامادەکراوە و لە کۆبونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیراندا دەخرێتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی ببێتە پرۆژە یاسا و پاشان دەنێرێتە پەرلەمان و لەنێو پەرلەمانیشدا لێژنەی سەرەکی لێژنەی داراییە کە رەوانەی لێژنەکە دەکرێت و دەبێت خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت و خوێندنەوەی دووەم و راپۆرتی لێژنەی دارایی ئامادەبکرێت و پرسیاری ئەوە بکرێت لە پەرلەمانتاران، ئایا ئەم پرۆژەیە تێپەرێنرێت؟ چونکە دەکرێت داوای ئەوەبکرێت ئەم پرۆژەیاسایە (من حیپ المبدأ) رەدبکرێتەوە ئەگەر لۆبی بەهێزی بۆ بکرێت و ئەگەر رەد نەکرایەوە ئەوا لە دەنگدانی سێهەمدا تێدەپەرێت و دەبێت بەیاسا.
دەشڵێت: لابردنی سفری سەر دینار مەرج نییە پرۆژەیەکی سەرکەوتوو بێت، چونکە کۆمەڵێک ئەزمونی وڵاتان هەیە کە هەندێکیان سەرکەوتووبوون و هەندێکیش شکستیان هێناوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتر مستەفا سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق ڕایگەیاند، تاکو ئێستا 8 ترلیۆن دینار لە عێراق نادیارە، سەرقاڵی ئامادەکردنی یاسایەکن لە پەرلەمانەوە بۆ ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە دۆسیەی گەندەڵی.
سەنەد دەڵێت: بڕیار دراوە دەربارەی سڕینەوەی سفرەکان و گۆڕانکاری لە دراوی دیناردا و وتیشی، “بەم ڕێگایە 8 تریلیۆن دیناری ونبووی دەوڵەت لە ڕێگەی چاپە نوێیەکەوە دەگەڕێتەوە لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئاشکرا نەکردنیان بەردەوام بێت”.













Leave a Reply