پەرلەمانتارێکی عێراق: کۆمپانیایەکی تورکی بە پشتیوانی سوپای تورکیا دارەکانی کوردستان دەبڕێتەوە

سەیرکراوە: (19)

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە کۆمپانیایەکی تورکی بە پشتیوانی سوپای تورکیا دارەکانی سنووری دهۆک دەبڕێتەوە و داوا لە سەرۆکایەتییەکانی عێراق هەرێمی کوردستان دەکات کار بۆ ڕاگرتنی ئەو کاوکارییە بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، هیوای مەلائادەم، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامبوونی بڕینەوە و لەناوبردنی دارستانە سروشتییەکانی ناوچەکانی ئامێدی و بەرواری باڵا دەربڕی و داوای لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە هەنگاوی جدی بۆ ڕاگرتنی «کاولکاریی ژینگەیی» بنێن.

مەلائادەم لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت، بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە دەستی، دارستانەکانی گوندەکانی میسکا، قومری، هیروورێ، کیستە، تیروانیش، نیزدوورێ، مەتینا و خانکێ، سەر بە شارۆچکەی ئامێدی و ناوچەی بەرواری باڵا، لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرفراوان بڕاونەتەوە.

ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆمپانی جەنگیزهۆڵدینگی تورکی بە پشتگیری و لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی تورکیا، دارە بڕدراوەکانی ئەو ناوچانە دەگوازنەوە بۆ ناو خاکی تورکیا.

ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاندووە کە بەپێی زانیارییەکانی ناوچەکە، لە ماوەی تەنها ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٥٠ بارهەڵگر دار بەرەو تورکیا گوازراونەتەوە و زۆرجار ئۆتۆمبێلی زریپۆشی سەربازیی تورکیاش لەگەڵ بارهەڵگرەکاندا دەبینرێن.

مەلائادەم جەختی لەوە کردووەتەوە کە بڕینەوەی دارستانەکان تەنها بابەتێکی ئابووری نییە، بەڵکو دەکرێت پەیوەندی بە ستراتیژییەکی فراوانتری کۆنترۆڵی سەربازیی تورکیا لە ناوچەکە هەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، تا ئێستا ملیۆنان دار لە جۆرە سروشتییەکانی وەک بەڕوو، قەزوان، ماز، هەرمێی کێوی و زڕگوێز بڕاونەتەوە و هەزاران دۆنم دارستان ڕووتێنراون.

ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە؛

ماوەیەکە ژینگەی کوردستانی عێراق و دارستانەکانی گوندەکانی ( میسکا، قومری، هیروورێ، کیستە، تیروانیش و نیزدوورێ و مەتینا و خانکێی) سەر بە قەزای ئامێدیی و ناوچەی بەرواری باڵا لە پارێزگای دهۆک. لەلایەن کۆمپانیای “جەنگیز هۆڵدینگ”(Cengiz Holding) ی تورکیی بە پشتیوانی سوپای تورکیا، توشی دەستدرێژی و دوژمنکاریی بڕینەوە و لەناوبردن بوونەتەوە و دارەکانی لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی سەربازیی سوپای تورکیادا دەگوازرێنەوە بۆ ناو خاکی تورکیا له دروستکردنی مۆبیلیات و پیشەسازی کەرەستەکانی ناو ماڵ بەکاردەهێنرێن.

تا ئێستا ملیۆنان داری سروشتی لە جۆری ( بەڕوو و قەزوان و ماز و هەرمێی کێوی و زڕگوێز ) بڕاونەتەوە و ڕۆژانە بە بەرچاوی خەڵکی ناوچەکە و دەسگاکانی حکومەتی هەرێم دارەکان بە بارهەڵگر دەگوازرێنەوە بۆ تورکیا کە زۆرجار لەگەڵ بارهەڵگرەکاندا، ئۆتۆمبێلی زریپۆشی سەربازیی سوپای تورکیا دەبینرێن، بەپێی زانیارییەکانیش لە ماوەی تەنها ۱۰ ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر لە ۲٥۰ بارهەڵگر داری ئەو ناوچەیە بۆ تورکیا گوازراونەتەوە.

ئەم دەستدرێژییە ئاشکرا و بێ پاساوەی کۆمپانیاکانی تورکیا، بۆ سەر ژینگەی کوردستانی عێراق، وێرای ئەوەی لە ڕای گشتیی کوردستاندا نیگەرانیی و، توڕەییەکی زۆری دروستکردووە، بەڵام تا ئێستا هیج دەسگایەکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتییەکانی هەرێم، هەڵوێستێکی ئازایانە و ڕوون و ڕاشکاویان نیشان نەداوە لە ئاست ئەو وێرانکارییە ژینگەی ناوچەکە توشی هاتووە. هاونیشیمانیانی کوردستان ئەگەر لەبێ سوتەمەنی و بۆ خۆ ڕزگاکردن لەسەرمایەی زستاندا، پەنا بۆ بڕینەوەی دارێک یان چەند دارێک ببەن لەلایەن هێزەکانی ژینگە پارێزی حکومەتی هەرێم، توشی لێپێچینەوە و سزادان دەبنەوە. بەڵام بۆ بڕینەوەی ملیۆنان داری سروشتی و ڕووتاندنەوەی هەزاران دۆنمی دارستانەکان لەلایەن سوپای تورکیا و کۆمپانیاکانی، بچووکترین قسەیان بۆ وتن نییە و هیج هەڵوێستێکیان نیشاننەداوە.

ئەوەی زانراوە بڕینەوەی دارستانەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی تورکیا تەنها ئامانج لێی بەدەستهێنانی قازانجی ئابووریی نییە، بەڵکو بڕینەوەی دارەکان پیلانێکی ستراتیژییە، ئامانجی سەرەکی لێی، فراوانکردنی کۆنترۆڵی سەربازیی سوپای تورکیایە لەو ناوچەیەدا.

بۆیە لێرەوە بانگەوازێکی نیشتمانیانە و ژینگەدۆستانە لە سێ سەرۆکایەتییەکەی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم دەکەین، هەڵوێستی جدی و ئازایانە نیشان بدەن و خۆیان بەرپرسیار بزانن و ئەو کاولکارییه ژینگەیەی کوردستانی عێراق بوەستێنن. دارستانەکانی ئەم ناوچانە وەکو سییەکانی عێراق وان و وێرای دابینکردنی ملیۆنان گاڵۆن ئۆکسجینی پاک لە ڕۆژێکدا، هاوکات وەک دیاریدەیەکی سروشتی خواکردی بێ هاوتاش لە ڕێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی زۆری پلەی گەرمی لە وەرزی هاوینانی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵ و دەوری کاریگەر و گرینگی هەیە. بۆیە ناکرێت لە ئاست پاراستنی ئەو سامانە پڕ بەهایەدا، بەم ئاستە لە بێدەنگیە پڕ شەرمەزارییە، بێ دەنگ و خەمساردبین وەک ئەوەی ئەو وڵات و سامانە جوانە بێ خاوەن بن.

هیوا مەلائادەم

ئەندامی پەرلەمانی عێراق ـ لیژنەی کشتوکاڵ

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 167 Today: 2,647 📊 Click Here