ئومێد عومەر
هەرێمی کوردستان لەسەر دەریایەک لە سامانی سروشتی خەوتووە؛ نەوت، گازی سروشتی، زەوییە کشتوکاڵییە بەپیتەکان، دەیان خاڵی سنووریی ستراتیژی، و ملیارەها دۆلار لە باج و ڕسووماتی ناوخۆیی، هەموو ئەمانە کەرەستەی دروستکردنی وڵاتێکن کە دەبوو هاوڵاتییەکەی خاوەنی بەرزترین ئاستی گوزەران بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەڵام کاتێک سەیری کابینەکەی مەسرور بارزانی دەکەین، دەبینین کە گەورەترین “دەستکەوت”ی ئەم حکومەتە ئەوە بووە کە چۆن توانیویەتی ئەم هەموو سامانە زەبەلاحە بگۆڕێت بۆ قەیرانی مووچە، قاتوقڕی، و بێکارییەکی کوشندە! ئەمە کۆمیدیایەکی ڕەشە کاتێک سەرۆک وەزیران باس لە “بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری” دەکات، لە کاتێکدا ئەو هەرێمەی کە ڕۆژانە هەزاران تانکەر نەوت و کاڵای قاچاخ لە سنوورەکانیەوە تێدەپەڕن، ناتوانێت مووچەی مامۆستایەک بدات کە سکی منداڵەکانی تێر بکات. خەڵک پرسیار دەکات: ئەگەر ئەم وڵاتە هێندە دەوڵەمەندە، بۆچی گیرفانی هاوڵاتییەکانی هێندە خاڵییە؟ وەڵامەکە زۆر سادەیە: چونکە زۆری و زەوەندیی سامانەکە بۆ گیرفانی کۆمپانیا حیزبییەکان و وەبەرهێنانەکانی سەرۆکەکانە، بەڵام قاتوقڕی و قەیرانەکانیش بۆ سەر شانی شەقامە.
دەسەڵاتداران زۆر زیرەکانە ئامێری پڕوپاگەندەیان خستووەتە کار بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕ بکات کە قەیرانەکان “سروشتین” یان بەهۆی “ململانێ لەگەڵ بەغدا”وەن، بەڵام هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە داڕمانی ئابووریی هەرێمەکە بەرهەمی تاڵانکارییەکی سیستماتیکە نەک قەدەری خودا. کاتێک داهاتی خاڵە سنوورییەکانی وەک ئیبراهیم خەلیل و باشماخ لە دەرەوەی چاوی چاودێری دەبەخشرێتەوە بە دەڵاڵە سیاسییەکان، و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان تەنیا بەو کۆمپانیایانە دەدرێن کە سەر بە باڵەکانی حیزبن، ئیتر چاوەڕێی چی بکەین جگە لەوەی هاوڵاتییەکەی وەک بێگانە لەسەر خاکی خۆی بژی؟ مەسرور بارزانی لە جیاتی ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیرانی وڵاتێک بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتەکان، بووەتە بەڕێوەبەری سیستەمێک کە ئەرکی سەرەکیی گواستنەوەی سەرمایەی نیشتمانییە لە خەزێنەی گشتییەوە بۆ حیسابە بانکییەکانی دەرەوەی وڵات. تا ئەو کاتەی دەسەڵات وا مامەڵە بکات کە سامانەکان مڵکی حیزبن و قەیرانەکانیش بەشی خەڵکن، کوردستان هەرگیز ناتوانێت لەم چەقبەستووییە ڕزگاری بێت و خەڵکیش باجی ئەو زۆری و زەوەندییە دەدات کە قەت نەیبینیوە.












Leave a Reply