ئەمڕۆ سێشەم شەشی تشرینی یەکەمی 2026، ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد کە واشنتن دوو بژارەی خستووەتە بەردەم بەغدا، ئەوانیش بریتین لە داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان یان ڕووبەڕووبوونەوەی داڕمانی ئابووری لە ڕێگەی ڕاگرتنی پێدانی داهاتی نەوتەوە. ڕۆژنامەی (جیرۆسەلیم پۆست)ی ئیسرائیلی، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە واشنتن عێراقی سەرپشک کردووە لە نێوان داماڵینی چەکی میلیشیاکان و گرووپە چەکدارەکان یان داڕمانی ئابووریی وڵاتەکە. ڕۆژنامەکە لە زاری ڕۆنین زێیدل شارەزای کاروباری عێراق گواستوویەتیەوە و دەڵێ، سەرەڕای کشانەوەی سەربازیی ئەمەریکا لە عێراق، بەڵام هێشتا واشنتن هەژموونێکی گەورەی بەسەر بەغداوە هەیە. زیاتر گوتی، لە ساڵی 2003ـەوە تا ئێستە واشنتن کۆنترۆڵی داهاتەکانی نەوتی عێراقی کردووە، ئەوەیش هەژموونێکی گەورەی پێ دەبەخشێت بەسەر بەغدادا کە یارمەتیدەری دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە خزانی تەواوەتیی عێراق بەرەو میحوەری ئێران. ئاماژەی بەوەیش کرد، ئەگەر واشنتن هەست بکات کە بەغدا پابەند نییە بە داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان یان ئارامگریی ئەمەریکا تاقی دەکاتەوە، ئەوا ئیدارەی ئەمەریکا بڕیاری ڕاگرتنی داهاتی نەوت بۆ عێراق دەدات، ئەمەیش هەڕەشەیە بۆ داڕمانی تەواوەتیی ئابووریی وڵاتەکە. ڕۆنین زێیدل دووپاتی کردەوە، واشنتن تا ئێستەیش ئارامگرییەکی زۆر لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا پێشان دەدات، بەتایبەتی لە پرسی دواخستنی داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان، بەڵام ڕەنگە زۆر بەزوویی ئارامگریی واشنتن کۆتایی بێت، ئەوەیش تەواوی ئابووریی عێراق دەخاتە ژێر هەڕەشەوە.
ئەمریکا هەڕەشەی توند لە عێراق دەکات

سەیرکراوە:
(19)










Leave a Reply