بڕیارە ڕاڤەکارییەکە بە ژمارە 268ی فیدراڵی لە 25/11/2026 و لەسەر داوای سەرۆکوەزیران بۆ ڕاڤەکردنی چەند ماددەیەکی دەستوور دەرچووە. دادگاکە جەختی کردەوە؛ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان بەغدا و هەرێم نابێت زیان بە یەکپارچەیی و سەروەریی دەوڵەت بگەیەنێت یان دەسەڵاتە تایبەتەکان پارچەپارچە بکات. پاراستن، دابینکردنی ئاسایش و بەرگریکردن لە سەرجەم سنوورە نێودەوڵەتییەکانی عێراق، بە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، دەسەڵاتی تایبەتی حکومەتی فیدراڵییە و مافی بڵاوەپێکردنی هێزە چەکدارە فیدراڵییەکانی هەیە. دەسەڵاتە فیدراڵییەکان مافی سەرپەرشتی، چاودێری و کۆنترۆڵکردنی کارەکانی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراقیان هەیە، بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، بە لەبەرچاوگرتنی هەماهەنگیی گومرگی لەگەڵ هەرێمدا. دامەزراندنی سیستەمێکی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازە و گومرگەکان لە سەرتاسەری عێراق و هەرێم و بەستنەوەیان بە وەزارەت و دەستە فیدراڵییەکانەوە لە دەسەڵاتی بەغدایە. نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عێراقە و بەڕێوەبردنیان بە هاوبەشی دەبێت؛ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و دەزگا چاودێرییەکان دەسەڵاتی سەرپەرشتی و وردبینییان لە کێڵگە، کردار و گرێبەستەکانی بەرهەمهێنان، دەرهێنان، بەبازاڕکردن و هەناردەکردندا هەیە. داڕشتنی سیاسەتی دارایی و گومرگی، دیاریکردنی پێناسەی گومرگیی یەکگرتوو و سەرپەرشتی و وردبینیکردن لە باج، ڕسوومات و داهاتە نانەوتییەکان لە عێراق و هەرێم و گەڕاندنەوەیان بۆ گەنجینەی گشتی لە دەسەڵاتی بەغدایە. سنووری جوگرافیی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە لە 19/3/2003 لە ژێر ئیدارەی هەرێمدا بوون لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دیالە و نەینەوا، بە ڕەچاوکردنی ماددەی 140 بۆ ناوچە جێناکۆکەکان. بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی دەکەونە دەرەوەی ئەو سنوورە تەنیا لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە و ئیدارەدانی کرداریی هەرێم لەو ناوچانەدا هیچ دەسەڵاتێکی دەستووریی بۆ دروست ناکات. بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ و ناڕەزایەتیی 2 ئەندام دەرچووە، بنبڕە و جێبەجێکردنی بەسەر سەرجەم دەسەڵاتەکاندا سەپێنراوە.
دادگای فیدڕالی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد

سەیرکراوە:
(6)










Leave a Reply