مووچەی بەشێک لە خانەنشینانی هەرێم زیادی کرد

سەیرکراوە: (12)

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕێنمایی تایبەت بە زیادکردنی مووچەی خانەنشینی کرێکاران بۆ 500 هەزار دینار بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕێنماییەکە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت.

دەقی رێنماییەکە:

پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٢٩٧) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٦/٢٤ بە نووسراویان ژمارە (٩٠٠٧) لە (٢٠٢٦/٧/٢٧)، بەرگەی (دووەم)ی کۆنووسی لیژنەی دەرکردن و پێداچوونەوە بە ڕێنماییە داراییەکان ژمارە (١٦٧) لە ٢٠٢٦/٩/٦ بڕیاردرا بە:

یەکەم: کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی (٥٠٠,٠٠٠) پێنج سەد هەزار دیناری عێراقی دیاری دەکرێت.

دووەم: بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران ژمارە (٣٩)ی ساڵی /١٩٧١ی هەمووراکراو، و یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی/٢٠١٢ (یاسای پیادەکردنی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران)، ئەوانەی شایستەی مووچەی هەتووی بەرگەی (یەکەم)ی سەرەوە دەبن ئەمانەن:

١_ خانەنشینی بەپێی تەمەن و خزمەت:

أ_ ئەگەر پیاو تەمەنی (٦٠) شەست ساڵی تەواو کردبێت، یاخود ئافرەت تەمەنی (٥٥) پێنجا و پێنج ساڵی تەواو کردبێت، و لانی کەم (٢٠) بیست ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراویان هەبێت.

ب_ ئەگەر پیاو لانی کەم (٣٠) سی ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراوی هەبێت، یاخود ئافرەت (٢٥) بیست و پێنج ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراوی هەبێت.

٢_ نەخۆشی پیشەیی: ئەو کرێکارانەی تووشی نەخۆشی پیشەیی دەبن بە ڕێژەی (١٠٠٪) بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی پزیشکی.

٣_ پێکانی کار: ئەگەر کرێکار تووشی پێکانی کار بوو وە بووە هۆی پەککەوتەی تەواو یاخود مردنی بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی پزیشکی.

٤_ کۆچی دوایی کرێکار: ئەگەر لە ماوەی خزمەتی دەستەبەرکراویدا کرێکارەکە کۆچی دوایی کرد و ناوی لە تۆمارەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەردەوام بوو، جێماوەکانی شایستەی مووچەی خانەنشینی تەواو دەبن.

سێیەم: ئەم ڕێنماییە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) بڵاودەکرێتەوە.

ئاوات جەناب نوری

وەزیری دارایی و ئابووری

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 243 Today: 2,265 📊 Click Here