شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق جەخت دەکاتەوە کە حکوومەت بە شێوەیەکی بڕیاردەرانە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و هیچ پاشەکشەیەک لەو پڕۆسەیەدا ناکرێت.
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند کە سیاسەتی نیشتمانی بۆ سنووردارکردنی چەک لەسەر بنەمای بڕیاری ژمارە 21ـی ساڵی 2018ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی پەسند کراوە، ئامانجیش لێی کۆنترۆڵکردنی چەک، ڕێکخستنی مۆڵەتەکان، بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی نایاسایی و کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەیەتی لەناو کۆمەڵگەدا.
ئامانج و سوودەکانی پڕۆژەکە:
بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی کۆمەڵایەتی.
زیادکردنی متمانە بە دامەزراوەکان.
پاراستنی شکۆی دەوڵەت.
دابینکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر بۆ وەبەرهێنان و ئابووری.
سەعد مەعن ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنەی ئەمنیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە لە کردنەوەی نووسینگەکانی تۆمارکردنی چەک. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی ماددەی 9ـی دەستووری عێراق، دروستکردنی هەر پێکهاتەیەکی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان قەدەغەیە.
سەبارەت بە لایەنی سزاکان، ناوبراو ڕوونیکردەوە کە یاسای چەکی ژمارە 51ـی ساڵی 2017 و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969، سزای توندیان بۆ ئەو تاوانانە داناوە کە چەکیان تێدا بەکاردەهێنرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەبارەت بە پرسی شەڕی عەشایەری، ڕایگەیاند کە بەهۆی بڕیاری دادگا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دیاردەیە وەک تاوانێکی تیرۆریستی، ئامارەکانی شەڕ و پەلاماری عەشایەری بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیون و لە زۆربەی ناوچەکان و پارێزگاکان بەرەو نەمان چوون.











Leave a Reply