پارتی: دەبێت عێراق لەسەر هێرشەکە بە جدى بێتە دەنگ

سەیرکراوە: (11)

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بە جدی لەسەر ئەو هێرشە بێتە دەنگ کە بە درۆن کرایە سەر نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە، مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی هیرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە دژەتیری کوردستان ڕایگەیاند لە ئێرانەوە ئەنجام دراوە.

مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: “لەکاتێکدا هەموولایەک چاوەڕوانى ئەوەبوون دەست بۆ ئەمنیەت و سەقامگیريی عێراق و هەرێمى کوردستان نەبرێت و پارێزراو بێت، بەتایبەتى کە تەواوى هەوڵەکانى هەرێمى کوردستان دوورخستنەوەى هەرێم و عێراقە لە تێوەگلان لە کێشە و گرژییەکانى ناوچەکە و، هەرگیز هەرێم بەشێک نەبووە و نیە لەشەڕ و ئاڵۆزییەکان، بەداخەوە شەوى ڕابردوو لە رێگاى دوو درۆنەوە نووسینگەى بەرێز (مەسرور بارزانى) سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و شوێنى بەڕێوەبەرى ئاژانسى پاراستن بە ئامانج گیران”.

ڕاشیگەیاند، “ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان زۆر بەتوندى ئەم کردەوە تێکدەرانەیە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین و ئەو ڕەفتارانە لە بەرژەوەندى هیچ لایەک نابینین و مەترسیدارن لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن”.

مەکتەبی سیاسی پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: “لێرەدا بەڕوونى جەخت دەکەینەوە کە ئەرکى سەرشانى حکومەتى فیدراڵى عێراقە لەسەر ئەم پرسە بە جدى بێتە دەنگ و ڕێگا لەم هێرش و پێشێلکاریانە بگرێت، هەروەها لە زوترین کاتدا بە ڕێگاى گونجاو بەرەنگارى ئەو جۆرە دەستدرێژیانە ببێتەوە”

ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “بەپێی لێکۆڵینەوە و زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ ئۆفیسی تایبەتی من و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، لە هێرشێکی درۆنیی ئێرانیدا کراونەتە ئامانج”.

سەرۆکی حکومەت دەڵێت: “بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم. ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان”.

وتیشی: “ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن بمانوەستێنن لە بەردەوامبوونمان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان”.

دەزگای دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاڕاستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە شارۆچکەی پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.

ڕاشیگەیاند، “خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە”.

دەزگای دژەتیرۆری کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: “ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین، تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە”.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 178 Today: 1,933 📊 Click Here