بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە شەڕەکەی دوێنێ شەوی سنووری شارۆچکەی خەبات بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، چەند تۆمەتبارێک بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایگەاند، دوێنێ شەو لە گوندی گردەڕەشەی سەر بە شارۆچکەی خەبات، چەند کەسێک دەستیان کردبوو بە دروستکردنی پشێوی و نائارامی و هێزەکانیان چوونەتە شوێنەکە و “بە مەبەستی پاراستنی ئۆقرەیی و ڕێگریکردن لە گەیاندنی زیان بە سەر و ماڵی هاووڵاتیان و کەرتی گشتی” چەند کەسێک بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراون.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کەسانەی دەستیان لە تێکدانی ئارامیی ناوچەکەدا هەبووە، بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراون و ڕێکاری یاساییش بەرامبەر هەر کەسێکی دیکە دەگیرێتە بەر کە بەشدار بووبێت لەو ڕووداوەدا.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان کە ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت ئاسایش و دۆخی ئارامیی سنوورەکە تێکبدات، و جەختیش دەکاتەوە کە پۆلیس یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەکات بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی.













Leave a Reply