میخائیل ئۆلیانۆڤ، نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ڤییەنا، ڕایگەیاند بایکۆتکردنی کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دیاریکردنی ناوچەیەکی بێ چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئیسرائیلەوە، هەوڵەکانیانی پەک خستووە.
ئۆلیانۆڤ لە میانی شەشەمین خولی کۆنگرەکەدا جەختی کردەوە کە ئاستەنگی سەرەکی لەبەردەم هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە چەکی کۆمەڵکوژ، خۆی لە بەشدارینەکردنی ئیسرائیل لە کۆنگرەکەدا دەبینێتەوە.
ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەتکردنەوەی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لەم کۆڕبەندەدا “جێگەی داخە”، بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئەنجامەکان نییە، بەڵکو بەبێ ئیسرائیل گەیشتن بە ئامانجەکان مەحاڵە.
نوێنەرەکەی ڕووسیا ڕەخنەی توندی گرت و وتی: “ئەم بایکۆتکردنە جۆرێکە لە خۆگۆشەگیرکردن و پشتگوێخستنی دیالۆگ”، لە کاتێکدا وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەرگایان بۆ گفتوگۆ واڵا کردووە.
