بەغداد هاوردەکردنی ١٥ جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستانەوە قەدەغە دەکات
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لە ڕێگەی نووسینگەی مۆڵەت و زانیارییە ئەمنییەکانەوە، ڕێکارەکانی بۆ ڕێگریکردن لە هاتنەژوورەوەی چەندین جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی توندتر کردەوە کە لە دەرەوەی ڕێنماییە فەرمییەکان هاوردە دەکرێن.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتەکە، بڕیاری قەدەخەکردنەکە ١٥ جۆر بەرهەمی گرتووەتەوە، کە بریتین لە(سێوی زەرد، مۆز، کیوی، ترێ، شوتی، کاڵەک، هەنار، تەماتە، پەتاتە، پیاز، لۆبیا، کولەکە، بیبەری سەوز، باینجان و سیر).
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم بڕیارە دوای چاودێریکردنی بازاڕەکانی بەغداد و پارێزگاکانی دیکە دێت. دەرکەوتووە کە بڕێکی زۆر لەم بەرهەمانە لە دەرەوەی ڕێکارە فەرمییەکان لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن و کێبڕکێی بەرهەمی ناوخۆیی دەکەن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، زۆربەی ئەم بەرهەمانە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە و بە ناوی بەرهەمی ناوخۆیی داخڵ دەکرێن، لە کاتێکدا لەم وەرزەدا لە هەرێم بەرهەم ناهێنرێن، یان هەندێکیان هەر لە بنەڕەتدا لە هەرێمی کوردستان ناچێنرێن.
وەزارەتی کشتوکاڵ جەختی کردووەتەوە، کە ڕێگرییەکان توندتر دەکەن و ڕێگە نادەن ئەم بەرهەمانە لە پارێزگاکانی هەرێمەوە بۆ پارێزگاکانی تری عێراق بگوازرێنەوە، تا ئەو کاتەی بەرهەمی ناوخۆیی لەناو هەرێمدا دەستەبەر دەبێت و پێداویستییەکان پڕ دەکاتەوە.
