بەهۆی هەڕەشەی جیاکردنەوەی پارێزگایەکەوە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو

سەیرکراوە: (1)

دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی سێیەم، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ مستەفا دعەیر، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسانی دەرکرد کە هەڕەشەی جیاکردنەوەی پارێزگاکەی کردبوو ئەگەر هاتوو حکومەتی عێراق لە بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووری لەگەڵ ئێران پاشگەز نەبێتەوە.

بەپێی نووسراوێک کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکرایەوە و مێژووی 25ی 10ی 2026ی لەسەرە، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق سکاڵایەکی ئاڕاستەی دادگا کردووە و داوای گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بە مستەفا دعەیر کردووە؛ بەهۆی ئەو لێدوانانەی کە تێیدا هەڕەشەی ئەنجامدانی ناڕەزایی مەدەنی و داخستنی ڕێگاکانی کردووە، ئەگەر حکومەتی فیدراڵی لە ماوەی سێ ڕۆژدا دەروازەی سنووریی شیب لەگەڵ ئێراندا نەکاتەوە.

دادگا لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ مستەفا دعەیر دەرکردووە و داواکاری گشتیشی ئاگادار کردووەتەوە.

دعەیر پێشتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە نزیک دەروازەی سنووری شیب، مۆڵەتی سێ ڕۆژی بە حکومەتی فیدراڵی دابوو بۆ کردنەوەی دەروازەکە، هەڕەشەی ئەوەشی کردبوو کە ئەگەر داواکارییەکەی جێبەجێ نەکرێت، ئەوا میسان لە جەستەی عێراق جیادەکاتەوە.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووە حکومەتی عێراق بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووری شیبی دابوو تا کاتێکی نادیار. لە بەرامبەردا، وەزارەتی ناوخۆی ئێران ناڕەزایەتیی خۆی لەو بڕیارە دەربڕی و ڕایگەیاندبوو کە تاران پێشتر هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو بڕیارەوە لە بەغدا وەرنەگرتووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 120 Today: 1,886 📊 Click Here