سوپاسی پاسداران جەخت دەکاتەوە کە جگە لە “کەشتییەکانی دوژمن”، ڕێ بە کەشتییەکانی دیکە دەدەن بە گەرووی هورمزدا تێپەڕبێت، ئەویش بە پێی ڕێساکانی سوپای پاسداران.
ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ئاسایشی بەندەرەکان لە کەنداو و دەریای عومان یان دەبێت بۆ هەمووان بێت، یان بۆ هیچ کەس نابێت.
وتیشی: “پەیڕەوکردنی سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاوە هەرێمییەکانی خۆیدا، مافێکی سروشتیی نەتەوەی ئێرانە و هێزە چەکدارەکان بەردەوام دەبن لە دەستەبەرکردنی ئاسایش لە ئاوە هەرێمییەکانی ئێراندا.
جەختیشی کردەوە کە “بەرگریکردن لە مافە یاساییەکانی وڵاتەکەمان بە ئەرکێکی سروشتی و یاسایی دادەنێین”.
زولفەقاری ڕاشیگەیاند، “وەک چۆن چەندین جار ڕاگەیەندراوە، کەشتییەکانی سەر بە دوژمن مافی تێپەڕبوونیان بەناو گەرووی هورمزدا نییە و ناشیانەبێت، بەڵام ڕێگە بە کەشتییەکانی دیکە دەدرێت بۆ تێپەڕبوون بەناو گەرووەکەدا، بەپێی ڕێساکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران”.
