بە ناو سەرۆک نین…!

سەیرکراوە: (1)

عەبدولواحید محەمەد – نووسەر

بەپێی یاسای بەرکار لە وڵاتی نەرویج، سەرۆکی پەرلەمان مافی ئەوەی هەیە لە شوقەیەکی (٥٠) مەتبەقیدا بنیشتەجێ بێت کە ژوورێک، هۆڵێک و موشتەمەلاتی تێدایە، بە مەرجێک ئەگەر ماڵەکەی خۆی زیاتر لە (٤٠) کیلۆمەتر لە پەرلەمانەوە (شوێنی کارەکەی) دوور بێت. بەڵام خاتوو (ئیڤان کریستین هانسن)، سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی نەرویج، پێشێلی ئەو یاسایەی کردبوو؛ چونکە ماڵەکەی تەنها (٢٩) کیلۆمەتر لە پەرلەمانەوە دوور بوو—واتە (١١) کیلۆمەتر لە ڕادەی دیاریکراو کەمتر بوو—کەچی شوقەی (٥٠) مەتریی پەرلەمانی بەکارهێنابوو.

کاتێک لە پەرلەمان ئەو بابەتە ورووژێنرا و کەوتە بەر هەڵمەتی ڕۆژنامەنووسان، سەرۆکی پەرلەمان یەکسەر دانی بەوەدا نا کە پێشێلی مافی گشتی کردووە و زیاتر لەو مافەی بۆی دیاریکراوە بە خۆی داوە، ڕاستەوخۆ دەستی لەکار کێشایەوە و ئامادەییی خۆشی دەربڕی بۆ دانی سزا و قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانەی بەر بەرژەوەندیی گشتیی کەوتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە شانشینی نەرویج پەکی لەسەر ئەو قەرەبووە نەکەوتووە؛ چونکە ئەو وڵاتە خاوەنی ١ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار دۆلار یەدەگە. بەڵام لەبەر ئەوەی یاسا پێشێل کراوە، کەم و زۆریی پارەکە گرنگ نییە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە یاسا وەک خۆی جێبەجێ بێت. دیارە ئەم پابەندبوونە لەسەر ئاستی تاک و کۆ لەو وڵاتەدا، پەیوەندیی بە پەروەردەوە هەیە؛ بە شێوازێک گۆشکراون کە هەموویان لە یەک کاتدا بەرپرس و بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ورد و درشتی ئەوەی جێی بایەخە، هەر ئەو دڵسۆزییە بووەتە هۆی ئەوەی نەرویج وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەند بێت و هەموو هاووڵاتییەکانیشی بە خۆشگوزەرانییەوە بژین و کەسیش چاوی لە موڵکوماڵ و مافی گشتیی یەکتر نەبێت.

لەڕاستیدا مەبەستی من لە خستنەڕووی واقیعی نەرویج پیاهەڵدان و پیاوچاککردنی ئەوان نییە، بەڵکو بۆ ئەوەمە بەراوردکارییەک لەنێوان ئەوان و ئەو هەموو “سەرۆکە”دا بکەم کە لە هەرێمی کوردستاندا هەن، بەداخەوە ئەوەندە زۆرن، خەریکە ناژمێردرێن! لەبەر ئەوەی جگە لەوانەی بەپێی یاسا و ڕێسا دیاریکراون، دەیان و سەدان کەسی تر هەن کە بە ناو سەرۆک نین، بەڵام بە کردەوە وەک سەرۆک ژیان بەڕێ دەکەن و بە ڕۆژی ڕووناک پێشێلکاری لەسەر مافی گشتی و تاکەکان دەکەن.

هەر یەکێک لەوانە بگریت، چەندین کۆشک و تەلار و باڵەخانەی نزیک لە هەوریان بۆ وەرزەکانی زستان، هاوین، بەهار و پایز هەیە. دڵیان بە ٢٠٠، ٣٠٠ یان ١٠٠٠ مەتر ئاو ناخواتەوە، دەبێت نەک دۆنمێک، بەڵکو دەیان و سەدان دۆنم بێت!

بۆ خۆم جارێک بۆ بۆنەیەک چوومە ماڵی بەرپرسێکی پلە چوار؛ ماوەیەکی باش بە ئۆتۆمبێل بە ناو حەوشەکەیدا ڕۆیشتین ئینجا گەیشتینە باڵەخانەیەکی گەورەی دوو بەشی، لەو کاتەدا ئەوەم بە بیردا هات و وتم: ڕەنگە لێرە جێگەی پێنجا ماڵی وەک ئیمەی تێدا ببێتەوە! ئینجا بەرپرسەکە باسی هۆڵەکەی بۆ کردین و وتی: “هەموو بەردەکانم لە ئیتالیاوە هێناوە کە هەر یەکەی ڕەنگێک بوو!” بەڕاستی سکم بە خۆمان و بەم گەلە بەشمەینەتە سووتا؛ چونکە خاوەن خانوو قوڕەکان قوربانیی بێشومار و ماڵوێران بوون، بەڵام ئەوانە ملیان ئەستوور بوو و بوونە کۆمپرادۆر و مۆنۆپۆڵکەری هەموو جومگەیەک.

باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کە ئەم ڕەفتارانە بوونەتە هۆکاری ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم هەموو کێشە و ئاڵنگارییانە ببینەوە، دڵنیام ئەگەر ١٠٪ی دڵسۆزییەکەی (ئیڤان کریستین)یان تێدا بووایە:

هەرگیز ٣٣ ملیار دۆلار قەرزار نەدەبووین.

ئەو هەموو مووچەیە (کە خۆی لە ٦٣ مووچە دەدات) حەپەلووش نەدەکرا.

بەرزکردنەوەی پلەی مووچەخۆران نەدەبووە قوربانیی ئەو سەودا دۆڕاوە.

ئەم گەلەش ئەوەندە پەشۆکاو و بێمتمانە نەدەبوو.

بەپێچەوانەوە، ئەم گەلە خێر لەخۆنەدیوە کە شایستەی هەموو جۆرە خزمەتێکە، ئێستا لە خۆشگوزەرانیدا دەژیا. لەبری ئەوەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی جۆرەها قەیران و جەنگە دەروونییەکان ببنەوە کە ڕۆژانە چیرۆکێکی نوێیان بۆ لێ دەدرێت، بە ئارامییەوە دەژیان و لە خەباتی بێوچان و قوربانیدانی ڕابردوویان پەشیمان نەدەبوونەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 196 Today: 2,089 📊 Click Here